قالیباف بۆ ترەمپ: دوای سێ رۆژ هیچ بیرە نەوتێک نەتەقیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئەو وڵاتە لە گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد، وەڵامی قسەکانی چەند رۆژ لەمەوبەری سەرۆکی ئەمریکای سەبارەت بە بیرە نەوتییەکانی ئێرانی دایەوە و رایگەیاند، ئەوە سێ رۆژ تێپەڕی و هیچ بیرە نەوتێک نەتەقیوەتەوە.
محەممەدباقر قالیباف، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "دەتوانین ئەم ماوەیە بۆ 30 رۆژ درێژ بکەینەوە و بە شێوەی راستەوخۆ (لایڤ) دیمەنی بیرە نەوتەکان لێرەوە پەخش بکەین."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەکو رەخنە لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئەمریکا دەڵێت: "ئەم جۆرە راوێژ و پێشنیازە پڕوپووچانەیە کە حکومەتی ئەمریکا لە کەسانێکی وەکو بێسێنی وەردەگرێت، هەروەها پڕوپاگەندە بۆ ئایدیای گەمارۆدان دەکەن و نرخی نەوتیان بۆ زیاتر لە 120 دۆلار بەرز کردەوە."
قالیباف هۆشداری دەدات کە وێستگەی داهاتووی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان 140 دۆلار دەبێت. بە گوتەی قالیباف، "کیشەکە تەنیا بیرۆکەی هەڵە نییە، بەڵکوو عەقڵییەت و جۆری بیرکردنەوەی هەڵەیە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026 لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی هۆشداریی دابوو لەبارەی داڕووخانی کەرتی نەوتی ئێران و رایگەیاندبوو، بەهۆی گەمارۆکانەوە ئێران ناتوانێت نەوتەکەی لە کۆگەکان یان لە کەشتییەکاندا هەڵبگرێت، ئەمەش وایکردووە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە نێوخۆ و لەژێر زەویدا "بتەقنەوە."
ترەمپ گوتبووی، ئێرانییەکان دەڵێن: سێ رۆژیان لەبەردەم ماوە، پێش ئەوەی ژێرخانی نەوتییان بتەقێتەوە. "هەرگیز ناتوانرێت وەک خۆی چاک بکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر چاکیش بکرێتەوە، تەنیا 50٪ـی توانای جارانی دەبێت."
لە 28ی شوبات و سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی دەدات کە لە تەنگەکە تێپەرن. ئەوەش گواستنەوەی دەریایی لە تەنگەی هورمز پەکخستووە، بازاڕەکانی وزەی لە جیهاندا شڵەژاندووە و مەترسیی زیانی ئابووریی درێژخایەنی دروستکردووە.
لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە گەماڕۆیەکی تووندی لەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران سەپاندووە.
داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە و گەماڕۆی دەریایی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بوونەتە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکان بۆ بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا کە پاکستانی نێوەندگیر هەوڵی بۆ دەدات.