پەرمانتارێکی ئێران: کەشتییەکانمان بە ئازادی هاتووچۆ دەکەن و ئەمریکا ناوێرێت رووبەڕوویان ببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، تاران لە ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکادا دەستی باڵای هەیە و دانوستاندنەکانیش بە بەشێک لە "بەرەی جەنگ" ناودەبات. دەشڵێت، ئەمریکا ناتوانێت رووبەڕووی کەشتییەکانیان ببێتەوە.
عەلائەدین بروجێری، جێگری سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ململانێکانیدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل باڵادەستە. گوتیشی: "هەموو شرۆڤەکارانی ئەمریکی و ئەوروپی بە ترەمپیان گوتووە کە تۆ لەم جەنگەدا دۆڕاوی، بۆیە ناوبانگ و ئابووریی ئەمریکا لەوە زیاتر تێک مەدە."
بروجێری هەڕەشەکانی ئەمریکای بۆ گەماڕۆی دەریایی بە "بێبایەخ" ناوبرد و گوتی: "ئێستا نزیکەی 120 کەشتی لەودیوی تەنگەی هورمزەوە چاوەڕیی تێپەربوون دەکەن، کەشتییەکانی ئێرانیش بە ئازادی هاتووچۆ دەکەن و هێزەکانی ئەمریکا ناوێرن رووبەڕوویان ببنەوە."
لەبارەی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانییەکانیش، ئەو بەرپرسەی ئێرانییە هۆشداریی دا کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەتوانن بە ئاسانی هەر کەشتییەکی وڵاتانی دووژمن دەستبەسەر بکەن و بەرەو کەناراوەکانی ئێران بگوازنەوە. گوتیشی، ئێران هێشتا کارتە نوێیەکانی بەکارنەهێناوە و دەڵێت: "گرنگی تەنگەی بابولمەندەب کەمتر نییە لە هورمز؛ یەمەنییەکان چاوەڕێن ئەو تەنگەیە دابخەن و گورزێکی دیکە لە ئەمریکا بوەشێنن."
جێگری سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، ئاماژە بەوەش دەکات کە دانوستاندن گۆڕەپانێکی دیکەی جەنگ و بەرگرییە و دەڵێت: "گۆڕەپانی جەنگ و مێزی دانوستاندن هیچ جیاوازییەکیان نییە. لە گۆڕەپانی جەنگدا چەکمان مووشەک و درۆنە، لە دانوستاندنیشدا هونەری دیپلۆماسییە. دانوستاندن بریتییە نییە لە پاشەکشەکردن، بەڵکو سەنگەرێکی دیکەی جەنگە بۆ چەسپاندنی مافەکانمان و سەروەریمان بەسەر تەنگەی هورمزدا."
بە گوتەی عەلائەدین بروجێری، گفتوگۆکان لە ژێر رێنوێنیی راستەوخۆی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە سەرپەرشتیی مەیدانیی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچن.
لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران گۆڕدراون بۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی نەک کۆبوونەوەی درێژخایەن و ئاڵۆگۆڕی کاخەز، ئەمەش بە مەبەستی خێراکردنی وەڵامەکان.
ترەمپ گۆتی: "هەندێک پێشکەوتن هەن، بەڵام هیچ رێککەوتنێک ناکەین مەگەر ئێران بە تەواوی دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت."
بەپێی میدیای ئەمریکی، ئێران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی سێ قۆناخیی داوەتە ئەمریکا:
1- کۆتاییهێنان بە دووژمنکارییەکان. 2- گفتوگۆ لەسەر مافی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز. 3- گفتوگۆ لەسەر پرسی ئەتۆمی.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی پشتراستی کردەوە کە ترەمپ و تیمی ئاسایشی نیشتمانی خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازەکەن، بەڵام سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن، ترەمپ لە پێشنیازەکە ناڕازییە، چونکە دەیەوێت پرسی ئەتۆمی لە قۆناخی یەکەمدا دانوستاندنی لەسەر بکرێت، نەک قۆناخی کۆتایی.