بێ پێشینەیە؛ بەرهەمهێنانی فەرش و پۆڵا.. تەنانەت گۆشت و شیر لە ئێران خەریکە دەوەستێ
رووداو دیجیتاڵ
لە جەرگەی پیشەسازیی بەناوبانگی فەرشی ئێراندا، بەرهەمهێنان خەریکە بە تەواوی دەوەستێت، کارگەکانی شیرەمەنی بە زەحمەت دەتوانن پاکەت بۆ شیر و کەرە بدۆزنەوە، هەروەها کارگە گەورەکانی پۆڵا رۆژانێک بزوێنەری ئابووریی ئێران بوون، بێدەنگن و وەستاون، سەتان هەزار کەس کارەکانیان لەدەستداوە و ملیۆنانی دیکەش لەژێر مەترسیدان.
لە ماوەی زیاتر لە پێنج هەفتە بۆردووماندا، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی بە هەزاران کارگە گەیاندووە، زیانەکان لە سەرانسەری ئابووریی ئێراندا رەنگیان داوەتەوە و هەڕەشەی شەپۆلی زیاتری دەرکردنی کارمەندانی لەسەرە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئێرانییەکان رووبەڕووی بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان بوونەتەوە. گۆشتی مریشک لە مانگێکدا نرخەکەی 75٪ بەرزبووەتەوە، نرخی گۆشتی مانگا و بەرخیش 68٪ زیادیان کردووە، زۆربەی بەرهەمە شیرەمەنییەکانیش نرخەکانیان بووەتە دوو هێندە.
گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام بێ، دۆخەکە دەکرێت خراپتر دەبێ ، ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانی بڕێکی زۆر لە هاوردەکردن و هەناردەکردنی نەوت کە ملیارەها دۆلار داهاتیان هەبوو.
هێشتا، ئێران بە کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز ئاراستەی ئابووری جیهانی بەرەو پاشەکشە بردووە، سەرکردەکانی ئێران دەڵێن تەنیا ئەو کاتە ئەو رێڕەوە ستراتیجییەی وزەی جیهانی دەکەنەوە گەمارۆکە هەڵبگیرێت و جەنگ کۆتایی بێت، ئەوان گرەو لەسەر ئەوە دەکەن ئابوورییەک بۆ پشتبەستن بە خود لەژێر دەیان ساڵ لە سزای نێودەوڵەتیدا بونیات نراوە، دەتوانێت زیاتر لەو گوشارانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرگەی ئازارەکان بگرێت.
غۆلامحوسێن محەممەدی، جێگری وەزیری کاری ئێران رایگەیاندووە، ئێران لانیکەم یەک ملیۆن هەلی کاری بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەهۆی جەنگەوە لەدەستداوە.
هادی کەحاڵزادە، ئابوورییناسی ئێرانیش هۆشداریدەدات کاریگەرییە لاوەکییەکان نزیکەی 10 بۆ 12 ملیۆن هەلی کار دەخەنە مەترسییەوە، ئەوەش نیوەی هێزی کاری ئێرانە.
بەرهەمهێنانی پۆڵا و پترۆکیمیایی پەکیکەوتووە
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات لە بنکە پیشەسازییەکانی سوپای پاسدارانی داوە، بەڵام هێرشەکان زۆر لەوە تێپەڕین و بەر ئەو دامەزراوەیانەش کەوتن سەر بەو هێزە نین.
بەگوتەی کەحاڵزادە، توێژەر لە زانکۆی براندێیسی ئەمریکا، هێرشە ئاسمانییەکان زیانیان بە 20 هەزار کارگە گەیاندووە، کە نزیکەی 20٪ـی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی وڵات دەکات، ئەو دامەزراوەیانەی بەرکەوتوون کۆمپانیای "تۆفیق داروو"یان تێدایە گەورەترین کۆمپانیای دەرمانسازیی ئێرانە و دەرمانی دژە شێرپەنجە و دەرمانی دیکە بەرهەم دەهێنێت، هەروەها کارگەکانی ئۆپتیک، مادە کیمیایییەکان، ئەلەمنیۆم و چیمەنتۆش بەرکەوتوون.
رەنگە زیانبەخشترین هێرش ئەوە بێت ئیسرائیل لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی پۆڵا و پترۆکیمیایی ئێرانی داوە، زۆربەیان لە شەپۆلێکی هێرشەکاندا بوون رێک بەر لە ئاگربەستەکەی 8ی نیسان،دوو گەورەترین بەرهەمهێنەری پۆڵا، پۆڵای موبارەکە و پۆڵای خوزستان، لەگەڵ کارگە بچووکەکان بەرهەمهێنانیان راگرت، بەپێی ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمیی "جاماران"، زیاتر لە 50 کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی داخراون,ئەوەش بووەتە هۆی پەکخستنی دوو گەورەترین هەناردەی نانەوتیی ئێران.
بەرزبوونەوەی نرخەکان کاریگەریی هەبووە لەسەر هەموو شتێک، لە پلاستیکەوە تا دەگاتە بۆری، قوماش و پێداویستییەکانی وەک شیر، کەرە و پەنیر.
تەنیا هێرشەکان هۆکاری کێشە ئابوورییەکان نین, ئینتەرنێت لە کاتی خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا بڕاوە، ئەمەش بازرگانییە بچووک و مامناوەندەکانی کە پشتیان بە فرۆشتنی ئۆنلاین دەبەست پەکخستووە، تەنانەت پێش لە گەمارۆکەی ئەمریکا، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات، کە بۆ نزیکەی یەک لەسەر سێی پشتی بە هاوردەکردن دەبەست، وایکرد ئەو وڵاتە بازرگانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت.
کاریگەرییە لاوەکییەکان
کوڕی خاوەنی کارگەیەکی فەرش رایگەیاندووە، نزیکەی 80٪ی بەرهەمهێنەرانی فەرش و رایەخ لە ناوچەی پیشەسازیی شاری کاشان، ناوەندی پیشەسازیی فەرشی ئێران، کارەکانیان راگرتووە، کارگەی خێزانەکەی ئەو 20 بۆ 30 کەسی تێدا کار دەکات و مانگانە سەتان فەرشی بە ئامێر بەرهەم دەهێنا، لە نێو ئەو کارگانەدایە داخراون، هەرچەندە باوکی هێشتا هەموو رۆژێک دەچێتە ناو کارگەکەی.
ئەو کوڕە کە لە ئەمریکا دەژی و باوکی لە ئێران کارگەی هەیە ، دەڵێت: "قەت باوکمم بەو رادەیە دڵتەنگ نەبینیوە، کاشان سەتان کارگەی فەرشی تێدایە، "پشت بە پیشەسازیی فەرش دەبەستێت و بەداخەوە پەکیکەوتووە." لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە هەناردەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و فرۆشتنی ناوخۆییش نزیکە لە سفرەوە، نرخەکانی دەزووە دەستکردەکان 30٪ بۆ 50٪ بەرزبوونەتەوە، ئەوەش لەبەر کاریگەریی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە پترۆکیمیایییەکان.
مەهدی بۆستانچی خاوەنی کارگەیەکی هەواگۆڕکێ و فێنککەرەوە و کارگەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی پانکەی ناوماڵە، بە گشتی زیاتر لە 1130 کارمەندی لە هەردوو کارگەیە هەیە، هەردووکیان هێشتا کار دەکەن، بەڵام کارگەی هەواگۆڕکێ پشت بە پیشەسازیی بیناسازی دەبەستێت و دەڵێت "بیناسازی رووبەڕووی شۆکێکی گەورە بووەتەوە." زۆربەی بیناسازییە نوێیەکان راگیراون، لە کاتێکدا نرخی ئاسن زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە.
بۆستانچی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرایەتیی پیشەسازانی ئێرانە، دەڵێت :"هەموو پیشەسازییەکانی وڵات بە جۆرێک لە جۆرەکان پشت بە پیشەسازیی پترۆکیمیایی ئێمە دەبەستن." تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی پێویستی راستەوخۆیان بە پۆڵا یان پترۆکیمیایی نییە، گرێبەستیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە هەیە پێویستیانە.
ئەندازیارێکی کیمیایی لە یەکێک لە گەورەترین بەڵێندەرە تایبەتەکانی بیناسازیی ئێران کار دەکات، دەڵێت کۆمپانیاکە نیوەی 180 کارمەندی بنکەی سەرەکیی خۆی دەرکردووە و ناچار بووە پڕۆژەیەک لەگەڵ پۆڵای موبارەکە رابگرێت، ئەوەش بووەتە هۆی لەدەستدانی 1000 هەلی کار.
پێشاندانی خۆڕاگری
بەرپرسان هەوڵ دەدەن خەڵک دڵنیا بکەنەوە ئێران دەتوانێت بەرگەی ئازارە ئابوورییەکان بگرێت، حکومەت بەڵێنی داوە بیمەی بێکاری زیاد بکات، بەڵام باری سەرشانی سیستەمی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی ئێران روو لە زیادبوونە لە کاتێکدا سەرچاوەی داراییەکەی کەم دەکات، چونکە بە تووندی پشت بە پشکی کۆمپانیا پترۆکیمیایییەکان و پیشەسازییە سەرەکییەکانی دیکە دەبەستێت.
گەمارۆکەی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی داهاتی هەناردەکردنیش دەکات: ئێران لە ساڵی 2025دا نزیکەی 98 ملیار دۆلار هەناردەی هەبووە، کەمتر لە نیوەی لە نەوتەوە بووە.
ئیسفەندیار باتمانگێڵیدج، پسپۆڕی ئابووری دەڵێت نزیکەی نیوەی بازرگانیی نانەوتیی ئێران لە رێگەی وشکانی یان بەندەرەکانی دەریای قەزوینەوە دەکرێت.
باتمانگێڵیدج لە نووسینێکدا بۆ رێکخراوی (Bourse and Bazaar Foundation) ئاماژەی بەوە کردووە ئێران خۆڕاگرییەکی زۆری هەیە و "ئامادەباشیی بۆ خراپترین سیناریۆکان" کردووە.
ئێران یەدەگێکی زۆری پێداویستییە سەرەکییەکانی پاراستووە، باتمانگێڵیدج نووسیویەتی، لە کۆتایی 2025دا ، ئێران ئامێری کارەبایی بۆ نزیکەی هەشت مانگ، چیمەنتۆ بۆ نزیکەی شەش مانگ و پۆڵا و ئاسنی بۆ چوار مانگ کۆکردبووەوە.
بۆستانچی خاوەنی دوو کارگەکە پێیوایە ئابووریی ئێران دەتوانێت ببوژێتەوە کاتێک جەنگ کۆتایی هات، بەڵام تاوەکو کەی؟، ئەوە بەستراوەتەوە بەوەی ئایا ئێران دەتوانێت لە هەر رێککەوتنێکدا کۆتایی بە سزای نێودەوڵەتییەکان بهێنێت یان نا، ئەو گوتی: "ئەگەر نەتوانین لە هەر رێککەوتنێکدا سزاکان هەڵبگرین، ئەوا پێشبینییەکان گەشبینانە نابن.''