نوێنەری ئێران لە UN: کەشەکە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا لەبار نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئێستا کەشەکە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا گونجاو و لەبار نییە. 
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی CBSی ئەمریکی، ئەمیر سەعید ئیرەڤانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئەگەر ئەمریکییەکان دەیانەوێت مەرجەکانی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن، ئەوا دانوستاندن لەگەڵیان ئەستەمە."
 
دیپلۆماتە ئێرانییەکە رەتیکردەوە هیچ هەڕەشەیەک لە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم یان ئەندامانی ئاژانسەکە کرابێت، دوای ئەوەی رۆژنامەیەکی ئێرانی داوای لەسێدارەدانی گرۆسی کرد بە تۆمەتی ئەوەی سیخوڕی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا دەکات.
 
ئیرەڤانی گوتیشی، "هیچ هەڕەشەیەک لە لایەنی ئێرانەوە بۆسەر گرۆسی نییە،" بەڵام جەختی کردەوە کە پشکنەرانی ئاژانسەکە لەم کاتەدا ناتوانن سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی بکەن.
 
دیپلۆماتەکە دووپاتی کردەوە، ئێران "دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە نابێت."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئیدارەکەی بەردەوامن لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کۆنگرێس لەبارەی کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەو وڵاتە بۆسەر سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێران.
 
لە دوایین لێدوانیدا، ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، بەرنامەکە "بە تەواوی سڕدرایەوە، بە شێوەیەک کە پێشتر رووی نەداوە. ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی خواستە ئەتۆمییەکانیان دێت، لانیکەم تا کاتێکی دیاریکراو."
 
لە 13ی حوزەیران، جەنگێکی دوازدە رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیران ئاگربەست چووە واری جێبەجێکردنەوە.