سێ مەرجەعی باڵای شیعە لە ئێران: پاراستنی عەلی خامنەیی ئەرکێکی ئایینییە


رووداو دیجیتاڵ

سێ مەرجەعی گەورەی شیعە لە ئێران بە دەرکردنی فەتوا پشتگیریی خۆیان لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ کوشتنی دەربڕی و رایانگەیاند، "هەڕەشەکان دەچنە خانەی شەڕ دژی ئیسلام؛ هەربۆیە بەرگریکردن لە رێبەری ئێران و مەرجەعەکانی شیعە، ئەرکێکی ئایینی هەموو لایەکە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، سێ لە مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە ئێران بە ناوەکانی ئایەتوڵڵا ناسر مەکارم شیرازی، ئایەتوڵڵا حوسێن نووری هەمەدانی و ئایەتوڵڵا عەلی ئەکبەر حوسێنی حائری لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئسیلامیی ئێران، فەتوایان دەرکردووە و پشتگیریی خۆیان بۆ خامنەیی دەربڕیوە.
 
هەر سێ مەرجەعەکە لە فەتواکانیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەڕەشەکردن لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر مەرجەعێکی دیکەی شیعە دەچێتەی خانەی دژایەتیی ئیسلام، بۆیە بەرگریکردن لە رێبەری ئێران و مەرجەعەکانی شیعە ئەرکێکی ئایینیی هەموو لایەکە.
 
ئایەتوڵڵا ناسر مەکارم شیرازی لە فەتواکەیدا دەڵێت، "هەر کەسێک یان دەسەڵاتێک هەڕەشە لە رێبەر و مەرجەعەکان بکات یان (خوا نەخواستە) هێرش بکاتە سەری بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئومەتی ئیسلام و سەروەرییەکەی، بە دژایەتیکردنی خودا و ئیسلام دادەنرێت. هەروەها هەر هاوکارییەک یان پشتیوانییەک بۆ ئەو کارە لەلایەن موسڵمانان، یان دەوڵەتە ئیسلامییەکانەوە، قەدەخەیە. پێویستە هەموو موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان وا لەو دووژمنانە بکەن کە لە قسە و هەڵەکانیان پەشیمان ببنەوە؛ ئەگەر تووشی سەختی یان زیانیش بوون، ئەوا پاداشتی شەڕکەریان لە رێگەی خودا دەبێت."
 
ئایەتوڵڵا حوسێن نووری هەمەدانی لە فەتواکەیدا لەبارەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عەلی خامنەیی نووسیویەتی، "سووکایەتیکردن بە پێگەی مەرجەعی شیعە ئایەتوڵڵا خامنەیی، سووکایەتیکردنە بە ئیسلام. ئەمڕۆ جەنابیان بە هەموو هێز و ئازایەتییەکەیەوە سەرکردایەتی ئوممەتی ئیسلامی دەکات، گومانی تێدا نییە کە پاڵپشتیکردنی ئەرکە و لاوازکردنی رێگەپێنەدراوە لەم هەلومەرجەدا کە هەموو دووژمنانی ئیسلام و قورئان و ئەهلی بەیت یەکیانگرتووە. هەر جۆرە دەستدرێژییەک یان هەڕەشەیەک لە ئەو و مەرجەعی شیعە لەلایەن هەر تاکێک یان حکومەتێکەوە بێت، بە دژایەتیکردنی خودا و ئیسلام دادەنرێت و هەرکەسێک هاوکار بێت لەم تاوانەدا هەمان سزای بەسەردا دەسەپێندرێت."
 
عەلی ئەکبەر حوسێنی حائریش دەڵێت، "سەبارەت بەو هەڕەشە ئاشکرایانەی لە رێبەری کۆماری ئیسلامی کراون، بە روونی رایدەگەیێنین کە هەر هێرشێک بۆ سەری، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو ئومەتی ئیسلام، چونکە ناوبراو نەوەک هەر سەرکردایەتی سیاسیی دەوڵەتێک دەکات، بەڵکو لەڕووی ئایینیشەوە مەرجەعێکی ئومەتی ئیسلامییە و سیمبوولی خۆڕاگری، یەکگرتوویی ئیسلامی و رێنوێنکەری رێبازی جیهادە دژی زۆرداریی جیهانی."
 
ئەو مەرجەعە باڵایەی شیعە هۆشداریش دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، "ئەرئەنجامەکانی درێژەدان بەم رێبازە شەڕەنگێزانە و ناژیرانە زۆر سەخت دەبێت، چونکە ئومەتی ئیسلامی هەرگیز رێگە نادات تایبەتمەندیی مەرجەعە ئایینی و سیاسییەکانی پێشێل بکرێت. هەر کەسێک لە هەر پۆست و پلەیەکیشدا بێت، ئەگەر بیەوێت زیان بە پێگەی رێبەری مەزن بگەیەنێت، وەڵامی ئومەتی ئیسلامی بۆ ئەو، زۆر تووند و پەشیمانکەرەوە دەبێت."
 
فەتوای مەرجەعەکانی شیعە لە کاتێکدایە، ترەمپ رۆژی هەینی، 27ی حوزەیرانی 2025، لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند، لەکاتی جەنگەکەدا بە شوێنی عەلی خامنەییان دەزانی و ئەگەر بیانویستبایە، دەیانتوانی بیکوژن.
 
ترەمپ گوتی، رێگەی بە سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا نەدا کۆتایی بە ژیانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بهێنن.