لە 15 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گەرماوە کرایە پشوو

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی بەشی زۆری ناوچەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەمەبەستی كەم بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزە، ئەمڕۆ لە 15 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە پشوو.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تەممووزی 2025، فەرمانگەی کونترۆڵی قەیرانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی چەند رۆژێکە رووی لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران کردووە، لە پارێزگاکانی سمنان، کرمان، یەزد، هورموزگان، قوم، بووشێهر، خوزستان، مازەندەران، ئەلبورز، فارس، خۆراسانی باشوور، کۆهگیلویە و بویەرئەحمەد، ئەمڕۆ چوارشەممە پشوو دەبێت.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە پارێزگاکانی ورمێ و لوڕستان و سێ شاری قەسری شیرین، سەرپێڵ زەهاو و گیەڵانی سەر بە پارێزگای کرماشان پشوو راگەیێندراوە.
 
بەرپرسە حکومییەکان لەو پارێزگایانە رایانگەیاندووە، بڕیاری راگەیاندنی پشوو بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا دراوە، بەڵام بڕیارەکە دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
 
جەلیل باڵایی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی سەرچاوەکان رایگەیاند، بڕیاریان داوە تەنیا لە سێ شاری قەسری شیرین، سەرپێل زەهاو و گیەڵان پشوو رابگەیێنن.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لە شاری کرماشان و شارەکانی دیکەی پارێزگاکەش، دەوامی فەرمانگەکان کەم کراوەتەوە و لە کاژێر 6ی بەیانییەوە بۆ 10ی بەیانی دەبێت.
 
لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانیش، کاتی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان کەم کرایەوە و لە کاژێر 6ی بەیانییەوە بۆ 12ی نیوەڕۆ دەبێت.
 
دوو هەفتەیە پلەی گەرما لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە و لە هەندێک ناوچە گەیشتە 50 پلەی سیلیزی.
 
کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، لە هەندێک پارێزگا لە رۆژی چوارشەممەوە پلەی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە و لە هەندێک ناوچە دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.
 
بەهۆی ئەم گەرمایەوە هۆشداری لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێرانەوە راگەیێندراوە، بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.