دوای رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ تاران، ئه‌مریکا 100 پەناخوازی ئێرانی دیپۆرت دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی دوو به‌رپرسى باڵاى ئێرانى و به‌رپرسێکى ئه‌مریکی، ئیداره‌ی ئەمریکا نزیکه‌ى 100 پەناخوازی ئێرانى دیپۆرت ده‌کاته‌وه؛ ئەمەش لەدوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران لەسەر ئەو پرسە دێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، چەند به‌رپرسێکی ئێرانى ئاماژه‌یان به‌وه داوه کە شەوی دووشەممە بە کاتی ئەمریکا، فڕۆکه‌یەکی تایبەت له ویلایه‌تى لویزیانا تەرخان کراوە و پەناخوازە ئێرانییەکانی دیپۆرت کردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەو فڕۆکە پڕ لە پەناخوازە ئێرانییە له رێگه‌ی قه‌ته‌ره‌وه بگاتەوە ئێران.
به‌رپرسێکی ئه‌مریکییش بەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە، فڕۆکەکە لە ئەمریکاوە رۆیشتووە و بڕیارە سەرەتا بچێتە دۆحەی پایتەختی قەتەر وەکو ترانزێت، لەوێشەوە هەر ئەمڕۆ دەچێتە تاران.
به‌رپرسه ئێرانییه‌کان ئاشکرایان کردووە، دیپۆرتکراوه‌کان پیاو و ژنیان تێدابووه، هه‌ندێکیان هاوسەر بوون، هه‌ندێکیشیان ئارەزوومەندانە داوایان کردووە بیانگەڕێننەوە بۆ ئێران دوای مانه‌وه‌یان له سه‌نته‌ره‌کانى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن بۆ چه‌ندین مانگ، هەندێکیشیان دژی ئەو بڕیارە بوون و بەزۆر دیپۆرتکراونەتەوە.
ئه‌و به‌رپرسانه ئاماژەیان بەوە داوە، زۆربەی ئەوانەی لەو فڕۆکەیەی شەوی دووشەممە دیپۆرتکراونەتەوە، ئەوانە بوون داواکاریی مافی په‌نابه‌رێتییان لە ئەمریکا ره‌تکراوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران هه‌ماهه‌نگیى گه‌ڕانه‌وه‌ى دیپۆرتکراوه‌کان ده‌کات و دڵنیایی پێداوون سه‌لامه‌ت ده‌بن و رووبه‌ڕووى هیچ کێشه و تووندوتیژییەک نابنه‌وه، بەڵام لەگەڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌یان نا‌ئومێد بوون و هه‌ندێکیان ته‌نانه‌ت ترساون لە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.
ئه‌م هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ به یه‌کێک له تووندترین هەنگاوەکانی حکومەتی ئەمریکا دادەنرێت بۆ دیپۆرتکردنه‌وه‌ی کۆچبه‌ران، بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەشی دۆخى مافى مرۆڤ تێیاندا زۆر خراپه.
لە سەرەتای ئەم ساڵ، ئه‌مریکا ژمارەیەک پەناخوازی ئێرانی دیپۆرتکردبووەوە، که زۆربه‌یان ئەوان بوون خۆیان کردبووە کریستیان و لە ئێران‌دا رووبه‌ڕووى پێشێلکاری و چه‌وسانه‌وه بوونەتەوە.
بەڵام ئەو پەناخوازە ئێرانییانە بۆ وڵاتەکەی خۆیان دیپۆرت نەکرابوونەوە و رەوانەی وڵاتانى کۆستاریکا و پانەما کرابوون.
لەدوای ئەو دیپۆرتکردنەوەیە، هەڵمەتێکی فراوانی دژی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە شارەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوون، داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کرد ئەو جۆرە دیپۆرتکردنەوانە رابگرن.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، ئێران بە یەکێک لە وڵاتە خراپەکان لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە دادەنرێت، کە تێیدا چالاکڤانانى مافى ژنان، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، رۆژنامەڤانان و پارێزه‌ران، که‌مینه ئایینییه‌کان و هاوڕەگەزخوازەکان و کەسانی دیکە رووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە.
له چه‌ند ساڵى رابردوودا، ژماره‌ى کۆچبه‌رانى ئێرانى که روویان لە سنوورەکانی باشوورى ئه‌مریکا کردووە، بەتایبەت لە مەکسیکەوە بەنایاسایی دەچنە خاکی ئەمریکاوە، زیادیکردووە. زۆربەشیان، دەسەڵاتدارانی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی به‌هۆى بیروباوه‌ڕی سیاسی و ئایینییەوە رووبەڕووی چه‌وساندنەوە و تووندوتیژی کراونەتەوە.
دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازە ئێرانییە لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتە رووبەڕووی دۆخێکی خراپی ئابووری بووەتەوە و نرخى دراوی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە رێژەی بێکارى بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، قەیرانی ئاو و کاره‌باش دروستبووە. ئەمەش جگە لەوەی چاوەڕێ دەکرێت دۆخی ئابووریی وڵاتەکە خراپتر ببێت، له‌گه‌ڵ سەپاندنەوەی سزاکانى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى سەر بە نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، که رۆژى شه‌ممه که‌وته وارى جێبه‌جێکردنه‌وه.