دۆخی ئێران لەدوای سناپباک؛ تاران دەڵێت: مەگەر لە خەوندا چۆکمان پێدا بدەن

رووداو دیجیتاڵ

دوای گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایدەگەیێنن، سیاسەتی گوشار سەرکەوتوو نابێت و "چۆک بە ئێراندا نادەن". ئەورووپاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرگەی گفتوگۆ دانەخراوە و پێویستە ئێران بە نیازپاکییەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "هەر رۆژەو دەیانەوێ سزا بەسەرماندا بسەپێنن، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی نامانەوێ سەر دانەوێنین. نامانەوێ لەبەردەمیاندا هەست بە زەلیلبوون بکەین و زەلیلیش نین. مەگەر لە خەون و خەیاڵیاندا ببینن، کە بتوانن چۆک بە ئێران و گەلەکەماندا دابدەن."
 
وەزارەتی دەرەوەی سوێد رایگەیاندووە، نابێت هەرگیز رێگە بە ئێران بدرێ پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات یان ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بەڵام چارەسەرێکی بەردەوام بۆ پرسی ئەتۆمیی ئێران تەنیا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بەدەست دێت. سوێد پێشوازی لە بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "خەیاڵیان دەکرد بەو ئەهریمەنەی کە لە سناپباک دروستیان کردووە، ئێمە ئەوەندە دەترسین کە ناچار بین هەر جۆرە ئیمتیازێک بدەین، بەڵام وانییە. ئێمە پێشتریش لەگەڵ ئەم دۆخە بووین کە ئێستا هەوڵ دەدەن کارایان بکەنەوە."
 
سەپاندنەوەی سزاکان کاریگەری لەسەر کەرتە جیاوازەکان هەبووە. یەک دۆلاری ئەمریکی ئەمڕۆ 112 هەزار تمەنی تێپەڕاند.
 
عەلی مەدەنیزادە، وەزیری ئابووریی ئێران دەڵێ، سەپاندنەوەی سزاکان "شۆک" لە بازاڕەکاندا دروست دەکات، بەڵام "قەبارەی کاریگەرییەکانی بەو رادەیە زۆرە نابێ کە باس دەکرێ. تیمی ئابووریی حکومەت پلانێکی توکمەی بۆ دۆخی دوای سەپاندنی سزاکان داناوە و دەست بە جێبەجێکردنی کراوە."
 
لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی بۆ دڵنیاییکردنەوەی هاووڵاتیانیان لە کاتێکدایە، یەکێتی ئەورووپا و ژاپۆن دەستیان بە جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران کردووە کە پێشترهەڵپەسێردرابوون.