بەهۆی خواردنەوەی کحولی قاچاخ لە ئێران 4 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی پۆلیسی ئێران، چوار کەس لە شاری ئێرانشەهر لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، بەهۆی خواردنەوەی کحولی قاچاخەوە گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش ژەهراوی بوون. هاوکات پۆلیس رایگەیاند، سێ کەسیان لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خواردنەوە و فرۆشتنی کحول لە ئێران قەدەخەیە و بازاڕێکی بەرفراوانی نایاسایی بۆ بەرهەمە قاچاخەکان دروست کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە 30-11-2025 بەرپرسێکی پزیشکیی ناوخۆیی ئێران رایگەیاند: "خواردنەوەی کحولە دروستکراوەکانی ماڵان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و ژەهراویبوونی پێنج کەسی دیکە لە ئێرانشەهر لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا." هەروەها گوتی: "دوو کەسیان لە ژێر چاودێریی چڕدان."
 
بەگوێرەی پۆلیسی ئێرانشەهر، "سێ لە دابەشکەرانی کحولەکان دەستنیشان کراون و دەستگیر کراون."
 
فرۆشتن و خواردنەوەی کحول لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی 1979ـەوە لە ئێران قەدەخە کراوە. تەنیا کەمینە ناموسڵمانەکان، کە کریستیان، جوو و زەردەشتییەکان لەخۆدەگرن، لەم قەدەخەیە بەدەرکراون، بەو مەرجەی لە شوێنە گشتییەکاندا نەخۆنەوە. ئەم قەدەخەیە بووەتە هۆی دروستبوونی بازاڕێکی گەورەی نایاسایی بۆ بەرهەمە قاچاخەکان، کە هەندێکیان ساختەن.
 
هەفتەی رابردوو، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ئارمین سۆهرابیان، یاریزانی تۆپی پێی ئێران دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە، کە تێیدا خواردنەوەی کحولی پێبوو، راگیراوە. 
 
هاوکات، لە تشرینی یەکەمی 2024دا، دەسەڵاتداران چوار کەسیان لەسێدارە دا، کە بە فرۆشتنی کحولی قاچاخ تۆمەتبار کرابوون، کە ساڵی پێشتر بووبووە هۆی ژەهراویبوونی کوشندەی 17 کەس.