لاریجانی: ئامادەکارییەکان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەرەوپێش دەچن
رووداو - هەولێر
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، تاران بەرەوپێشچوونی بەدەستهێناوە لە هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەش بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
لاریجانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "بەپێچەوانەی ئەو ژاوەژاوەی شەڕی میدیایی دروستیکردووە، رێکار و ئامادەکارییەکان بۆ دانوستاندن بەرەوپێش دەچن."
ئەم لێدوانەی لاریجانی رۆژێک دوای ئەوە دێت کە کۆشکی کرێملین رایگەیاند، ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەتەوە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژێک پێشتر پێشبینیی کردبوو کە ئێران هەوڵی رێککەوتن دەدات بۆ ئەوەی لە گورزی سەربازیی ئەمریکا دووربکەوێتەوە.