فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوە: تەقینەوەکەی بەندەر عەباس بەهۆی لێچوونی گازەوە بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی شاری بەندەر عەباسی ئێران رایگەیاند، ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی شارەکەدا روویدا، بەهۆی لێچوونی گازەوە بووە.
محەممەد ئەمین لیاقەت، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی بەندەر عەباس لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند: "هۆکاری سەرەتایی رووداوەکەی نێو باڵەخانەکەی بەندەر عەباس، لێچوون و کۆبوونەوەی گاز بووە کە بووەتە هۆی تەقینەوەکە؛ ئەمەش بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان."
رۆژی شەممە 31-01-2026، تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران روویدا.
جگە لەم رووداوە، ئەمڕۆ چەند رووداوێکی دیکەش لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران راگەیەندران، بەڵام میدیاکانی ئەو وڵاتە بە خێرایی رەتیانکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشی دەرەکی یان کاری تێکدەرانەوە هەبێت.
ئەم رووداوانە لەکاتێکدان، گرژییەکان روویان لە هەڵکشانە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تووندتر کردووەتەوە.