پزیشکیان: شەڕ لە بەرژەوەندیی ئێران و ئەمریکادا نییە

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هاوتا میسرییەکەی راگەیاند، تاران بەدوای شەڕ و ئاڵۆزییەوە نییە لەگەڵ ئەمریکا و هەر پێکدادانێک لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نابێت.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، پزیشکیان رۆژی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر ئەنجامداوە. سیسی کە هاوپەیمانێکی واشنتنە، بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی بچێتە نێو "دەستەی ئاشتی"ـی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی پلانی ئاگربەستی غەززە. 
 
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکەدا بە سیسی گوتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز بەدوای شەڕدا نەگەڕاوە و بەهیچ شێوەیەکیش نایەوێت. بەتەواویش باوەڕی وایە کە شەڕ نە لە بەرژەوەندیی ئێران، نە ئەمریکا و نە ناوچەکەدایە."
 
واشنتن گرووپێکی هێزی دەریایی بە سەرکردایەتیی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln) رەوانەی كەناراوەكانی ئێران کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر تاران خۆپێشاندانەکان سەرکوت بکات، هێرشی سەربازی دەکەنە سەری. 
 
گەیشتنی ئەو هێزە دەریاییە ترسی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران دروستکردووە، کە تاران هۆشداری داوە لەوەی بە مووشەک وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر بنکە و کەشتی و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی ئیسرائیل، دەداتەوە.
 
بەڵام ترەمپ دەڵێت، پێیوایە ئێران پێی باشترە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی بکات لەوەی رووبەڕووی هێرشی سەربازیی ئەمریکا ببێتەوە. تارانیش دەڵێت ئامادەی گفتوگۆی ئەتۆمییە ئەگەر مووشەک و تواناکانی بەرگری لە بەرنامەی گفتوگۆکاندا نەبن.
 
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، رۆژێک دوای ئەوەی کرێملین رایگەیاند کە لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین کۆبووەتەوە، گوتی: "بەپێچەوانەی پروپاگەندەی جەنگی میدیایی، ئامادەکارییەکان بۆ دانوستانەکان بەرەوپێش دەچن."
 
پێشتر ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، هێزەکانیان "لە ئامادەیی تەواوی بەرگری و سەربازیدان."
 
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئیرنا، حاتەمی گوتوویەتی: "ئەگەر دوژمن هەڵەیەک بکات، بەبێ گومان ئاسایشی خۆی، ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی رژێمی زایۆنی دەخاتە مەترسییەوە." هەروەها جەختی کردەوە کە تەکنەلۆژیا و شارەزایی ئەتۆمیی ئێران "لەنێو نابردرێت."