قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: قاچی هەر دەستدرێژکارێک بۆ سەر خاکی وڵاتەکەمان دەبڕین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان رووبەڕووی هەر دەستدرێژییەک دەبنەوە و "قاچی هەر کەسێک دەبڕن" بیەوێت پەلاماری خاکی ئێران بدات. بەپێی گوتەکانی، ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنی هێزی ئێران دا تووشی هەڵەی ستراتیژی بوون.
 
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، "خەمڵاندنە هەڵەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا و سەرکردە تاوانبارەکانی رژێمی زایۆنیستی، بوونەتە هۆی ئەوەی نەتەوەی پاڵەوان و هێزە چەکدارە بەهێز و بوێرەکانی ئێران بە پێوەرە ماددی و دنیاییەکانی خۆیان هەڵبسەنگێنن."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران، ئامادەبوونی "بێوێنەی" خەڵک لە شەقامەکان و خۆڕاگریی هێزە چەکدارەکان لە مەیدانی جەنگدا، بۆ دووژمنان چاوەڕوان نەکراو بووە. هەروەها گوتی، "ئەم هەڵە ستراتیژییەی دووژمنانی ئەمریکی و زایۆنیستی، ئەوانی رووبەڕووی سووکایەتی کردووەتەوە و لە رێڕەوی لەناوچووندا دایناون."
 
گوتەبێژەکە، جەختی لەوە کردەوە، ئێران بە "جەنگی پڕوپاگەندەیی، نیشاندانی چەکی پێشکەوتوو و تیرۆرکردنی ژنان، منداڵان، زانایان و فەرماندەکان" خۆی رادەست ناکات. دەربارەی تەنگەی هورمزیش گوتی، "ئەوان وادەزانن دەتوانن باڵادەست بن بەسەر تەنگەی هورمزدا، بەڵام ئەم ئاواتەیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە گۆڕ."
 
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا هۆشداریی تووندی دایە نەیارانی وڵاتەکەی و گوتی، "نەتەوەی خۆڕاگر و رۆڵە سەربەرزەکانمان لە هێزە چەکدارەکاندا سەلماندوویانە کە قاچی هەر دەستدرێژیکارێک بۆ سەر وڵاتەکەیان دەبڕن و تووشی سووکایەتی و ریسواییان دەکەن."