سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە کۆمپانیا ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: لە بەرامبەر هەر تیرۆرێکدا، کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەنێو دەبەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، سوپای پاسدارن رایگەیاند: "هۆشدارییەکانی ئێمە لەبارەی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان لەبەرچاو نەگیرا و ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئێرانی لە هەڵمەتە تیرۆریستییەکاندا شەهید بوون."
سوپای پاسداران دەڵێت، "لەبەرئەوەی کۆمپانیاکانی ICT و AIی ئەمریکی، بەرپرسن لە داڕشتن و شوێنپێهەڵگرتنی ئامانجەکانی تیرۆر، لە وەڵامی ئەم ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییانەدا، لەمەودوا ئەو دامەزراوە سەرەکییانەی لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا کاریگەرن، دەبنە ئامانجی رەوای ئێمە."
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکرد، "هۆشداری دەدەینە کارمەندانی ئەم دامەزراوانە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، دەستبەجێ لە شوێنی کارەکانیان دوور بکەونەوە. هەروەها دانیشتووانی دەوروبەری ئەم کۆمپانیا تیرۆریستییانە لە تەواوی وڵاتانی ناوچەکەدا، تاوەکو مەودای یەک کیلۆمەتر شوێنەکانیان بەجێبهێڵن و بچنە شوێنێکی ئارام."
سوپای پاسداران دەشڵیت: "ئەو کۆمپانیایانەی بەشدارییەکی چالاکیان لە داڕشتنە تیرۆریستییەکاندا هەیە، لە بەرامبەر هەر تیرۆرێکدا دەبنە ئامانج."
سوپای پاسداران رایگەیاند: "ئەم کۆمپانیایانە لە کاژێر 20ی رۆژی چوارشەممە 1ی نیسانی 2026 بە کاتی تاران لە بەرامبەر هەر تیرۆرێک لە ئێران چاوەڕوانی هێرشی سەر یەکەکانی تایبەت بە خۆیان بن."
سوپای پاسداران ناوی 18 کۆمپانیان بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە:
1. Sisco
2. HP
3. Intel
4. Oracle
5. Microsoft
6. Apple
7. Google
8. Meta
9. IBM
10. DEL
11. Plantier
12. Nvidia
13. GP. Morgan
14. Tesla
15. GE
16. Spire Solution
17. G42
18. Boeing