دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە لە شیرازی ئێران بیسترا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز شاری شیرازیان لە باشووری ئێران هەژاند. بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، دەنگی تەقینەوەکان هێندە بەهێز بوون، کە بوونەتە هۆی لەرینەوەی باڵەخانەکان و شکانی شووشەی پەنجەرەکان لە چەندین گەڕەکی شارەکەدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە زاری دانیشتووانی شیرازەوە بڵاوکراونەتەوە، تەقینەوەکان لە کاتژمێر 02:12ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەستیان پێکردووە. شایەتحاڵەکان دەڵێن، دەنگی چەندین تەقینەوەی یەک لە دوای یەکیان لە ناوچەکانی "زرهی"، "فەرهەنگ شەهر" و "تاچارا" بیستووە.
بەشێک لە هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکان، دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی شارەکەدا بیستراوە. یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەی تاچارا دەڵێت: "دوو تەقینەوەی زۆر بەهێز بوون، هەموو دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکەمان لەرزین."
بەپێی زانیارییە سەرەتاییە نافەرمییەکان، وا دەردەکەوێت ناوەندە پیشەسازی و سەربازییەکان کرابنە ئامانج، لەوانە "کۆمەڵگەی پیشەسازییە ئەلیکترۆنییەکانی شیراز (سەساد)" و "پادگانی بەعسەت". هەروەها هەندێک سەرچاوە باس لە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی مووشەکی و بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەی "قەرەباغ" و "کێوی داراک" دەکەن.
هەندێک لە شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە تەقینەوەکان بەهۆی "موشەک" یان "هێرشی ئاسمانی" بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە ئێران، هۆکاری تەقینەوەکان و قەبارەی زیانەکانی ئاشکرا نەکردووە.