سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران: سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم خەونی شێواوی دووژمنانە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت: "سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم خەونی شێواوی دووژمنانە کە هەرگیز نایەتەدی." 
 
ئەمڕۆ شەممە، 31ی ئایاری 2025، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە کۆنفرانسی بەڕێوەبەران و ئاسایشی دەزگا جێبەجێکارەکانی پارێزگای مازەندەران لە شاری ساری، باسی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد: "دانوستاندنەکان تاوەکو ئێستا بە باشی بەڕێوەچوون و هەندێک پێشکەوتن لە دانوستاندنەکاندا دەبینین."
 
محەممەد ئیسلامی باس لەوە دەکات، رەتکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نێو خاکی ئێران "نایاسایی و نالۆژیکییە."
 
هاوکات دەڵێت، پیتاندنەکە "مافی ئێرانە و هیچ کەس ناتوانێ رێگری لەو مافە حاشاهەڵنەگرە بکات. قسە و باسەکان سەبارەت بە سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بێ ئەنجامن و گوتنەوە و دووبارەکردنەوەیان هیچ سوودێکی نییە."
 
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بە لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ نەهێشتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نێو خاکی ئێراندا کرد و جەختی کردەوە، "هەندێک بەرپرسی ئەمریکی لە لێدوانەکانیاندا باسی سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن. ئەم قسە و باسانە خەونی شێواوی دوژمنانە کە هەرگیز نایەتەدی و زیاتر بۆ (بەرژەوەندی) کۆمەڵگەی زایۆنی بەکاردێت."
 
محەممەد ئیسلامی جەختی لە فراوانکردن و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کردەوە و رایگەیاند، بۆ دابینکردنی کارەبا پلانیان هەیە سێ وێستگەی ئەتۆمیی دیکە دابمەزرێنن. ئیسلامی گوتی، تاوەکو کۆتایی پلانی حەوتەمی گەشەپێدان، پێویستە توانای وێستگە ئەتۆمییەکان بۆ دابینکردنی کارەبای وڵات بگاتە سێ هەزار مێگاوات و لەو چوارچێوەیەشدا زەویی پێویست بۆ دروستکردنی سێ وێستگەی ئەتۆمی لە باکوور و باشووری وڵات دابین کراون.
 
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، دوو لەو وێستگە ئەتۆمییانە لە باشووری ئەو وڵاتە دەبن کە یەکێکیان دەکەوێتە کەناراوەکانی مەکوران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و ئەەوی دیکە دەکەوێتە پارێزگای خوزستان. هەروەها وێستگەی سێیەمیش لە پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئێران دەبێت.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، ئەمڕۆ جەختی لە پێویستیی ئێران بۆ وزەی ئەتۆم و مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم کردەوە.
 
عێراقچی روونیکردەوە، خەڵکی ئێران بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بێبەش بکرێت و گوتی: "ئەوەی که هەندێک کەس، که خۆیان به بەهێز و زاڵ دەزانن، بیانەوێت به سەر خەڵکی ئێراندا بسەپێنن که ئێوه مافی پیتاندتان نییه، لەبەر ئەوەی ئێمه نیگەرانین، شتێک نییه که له ئێراندا کەس بچێتە ژێر بارییەوە."
 
عەباس عێراقچی هەروەها گوتی: "تەنیا لەبەر ئەوەی نیگەرانن، مافی ئەوەیان نییە خەڵکی ئێران و نەوەکانی داهاتووی ئێران لەو مافە بێبەش بکەن کە بە یاسای نێودەوڵەتی پێیان دراوە."
 
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون.
 
ئێستا خاڵی سەرەکی ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمە.
 
ئەمریکا لە گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانەوە بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە رێگە نادات پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێراندا هەبێت، تارانیش ئەوە بە هێڵی سوور دەزانێت.