ئێران کۆنسووڵخانە لە شاری وان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وەزارەتی دەرەوە داوایەکی بۆ کردنەوەی کۆنسووڵخانە لە شاری وان پێشکێشی حکومەتی تورکیا کردووە و تورکیاش رەزامەندیی سەرەتایی دەربڕیوە.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی ئایاری 2025، وەحید جەلالزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "داواکاری لە لایەن ئێرانەوە بۆ کردنەوەی کۆنسووڵخانە لە شاری وانی تورکیا پێشکێش کراوە. ئەم داوایە بە پشتبەستن بە بڕیارێکی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بە پێی بڕیارەکە، بڕیارە کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری وان بکرێتەوە."
وەحید جەلالزادە گوتی: "حکومەتی تورکیا رەزامەندیی سەرەتایی بۆ کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ئێران لە شاری وان دەربڕیوە و ئەگەری ئەوە هەیە تورکیاش پێشنیازێک بۆ کردنەوەی کۆنسووڵخانەیەکی دیکە لە ئێران پێشکێش بکات. چاوەڕێی پێشنیازی لایەنی بەرامبەرین."
وان شارێکی باکووی کوردستانە و لەگەڵ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورە. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە روو لە وان دەکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، لە ساڵی 2024 دا 3.2 ملیۆن گەشتیاری خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی تورکیایان کردووە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 30.9% زیادیکردووە.
ئێران جگە لە باڵیۆزخانەکەی لە ئەنقەرە، لە شارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان و ترابزۆنیش کۆنسووڵخانەی هەیە.
تورکیاش جگە لە باڵیۆزخانەکەی لە تاران، لە شارەکانی تەورێز و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆنسووڵخانەی هەیە.