سوپای پاسداران: هیچ ئەفسەرێکی ئێرانی لە عێراق بە ئامانج نەگیراوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی سوپای پاسدارن دەڵێت، هیچ ئەفسەرێکی ئێرانی لە عێراق نەکوژراوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کوژرانی چەند ئەفسەرێکی سەربازی ئێران لە شەوی 30ـی ئابی 2025 دا، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران لە زاری بەرپرسێکی سوپایەکە رایگەیاند: "هیچ تەقینەوەیک لە بەغدا رووینەداوە و یەک یان چەند ئەفسەرێکی ئێرانیش نەکوژراون."
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی کوژرانی دوو فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوکرایەوە. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە، هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە کراوە. هەندێک لە میدیاکانی عێراقیش بڵاویان کردەوە هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە کراوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئابی 2025 لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "بە تووندی ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە لەلایەن هەندێک دەزگای راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە روودانی تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا."
 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە دۆخی ئەمنیی بەغدا کردووە و دەڵێت، "دۆخی ئەمنی لە پایتەخت ئارام و جێگیرە، هیچ رووداوێکی لەم جۆرە تۆمار نەکراوە. ئەم هەواڵانە بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و ئامانجیان وروژاندنی پشێوی و دڵەڕاوکێیە لەنێو هاووڵاتییاندا."
 
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هەمووان دەکات شوێن پڕوپاگەندەکان نەکەون، تەنیا پشت بە راگەیێندراوی لایەنی فەرمی ببەستن وەکو تاکە سەرچاوەی زانیاریی ئەمنی.