جێگری سەرۆککۆماری ئێران: وڵاتەکەمان بە گەمارۆکان واز ناهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە مافی ئەوەیان نییە میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران کارا بکەنەوە. دەشڵێت، "خوازیاری گەمارۆکان نین، بەڵام ئێران بە سەپاندنی گەمارۆ واز ناهێنێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەیدا ئاماژە بە بڕیاری سێ وڵاتە زلهێزە ئەورووپییەکە، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان (سناپ باک) بۆ سەر ئێران کرد و رایگەیاند، "ئێمە خوازیاری گەمارۆکان نین، بەڵام ئەزموونی چوار دەیەی رابردوو دەریخستووە کە گەلی ئێران زۆر لەوە گەورەترە کە بە گەمارۆ واز بهێنێت."
بە گوتەی محەممەدڕەزا عارف، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە مافی کاراکردنەوەی میکانیزمی (سناپ باک)ـیان بۆ گەڕاندنەوە سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران نییە و دەڵێت: "میکانیزمی سناپ باک لەڕووی رێسا و یاسای نێودەوڵەتییەوە گومان و کێشەی زۆری لەسەرە."
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران هەروەها دەڵێت، "ئەگەر دەست بە جێبەجێکردنی میکانیزمەکە بکرێت، بڕیاری پێویست و گونجاو دەدەین."
جەخت لەوەش دەکاتەوە، وڵاتانی ئەورووپی و میدیای رۆژئاوا، بۆ گوشار خستنە سەر ئێران ئەو میکانیزمە لە قەبارەکەی گەورەتر پێشان دەدەن.
بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، مافی ئەوەیان نییە میکانیزمی سناپ باک چالاک بکەنەوە.
لە بەرامبەردا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، رۆژی شەممە هەڵوێستی بەرپرسە باڵاکانی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئێران لەمێژە پابەند نەبووە بەو مەرجانەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا هاتووە."
رۆژی 28ـی ئابی 2025، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکانـیان دژی ئێران کارا کرد و رایانگەیاند، هەموو ئامرازێکی دیپلۆماسی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی نەهێڵن ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە پێیان وایە، ئێران پابەندی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 نەبووە، لەبەرئەوەی رێگە بە پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نادات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی بکەن و یۆرانیۆمی بە ئاستێکی بەرز پیتاندووە کە نزیکە لە ئاستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.