2023 زیاتر لە 21 هەزار ئاگر لە عێراق کەوتوونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە ساڵى 2023ـدا، زیاتر لە 21 هەزار رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون و زۆرینەیان لە بەغدا و کەمترینیان لە میسان بووە، 60%ـی ئەو رووداوانە بەهۆى شۆرتى کارەباوە و 15%یان بەهۆى منداڵەوە بووە. هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەرگریى شارستانیی عێراق دەڵێت، "بەهۆى رێوشوێنەکانى سەلامەتى، بەراورد بە ساڵى 2022، ئاگرکەوتنەوەکان کەمیان کردووە."
 
1ـى کانوونى دووەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بەرگریى شارستانیى عێراق ئامارى رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوەى لە ساڵى 2023 بڵاوکردەوە، کە 21 هەزار و 24 رووداوى ئاگرکەوتنەوە بووە، 60%ـی هۆکارى ئەو رووداوى ئاگرکەوتنەوانە بەهۆى شۆرتى کارەباوە بووە، 15%ـی دیکەى بەهۆى منداڵەوە بووە، 7%ـی ئەو رووداوانە بە مەبەست بووە بەهۆى کێشەى خێڵەکى و کێشەى دیکەوە."
 
لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پارێزگاى بەغدا لە ریزبەندى یەکەمى ئەو پارێزگایانەیە کە زۆرترین رووداوى ئاگرکەوتنەوە تێیدا روویداوە و کەمترین ئاگرکەوتنەوەش لە پارێزگاى میسان بووە."
 
بەرگریى شارستانیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، "کارمەندانیان بڕى 411 ملیار و 501 ملیۆن و 490 هەزار دیناریان لە رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوەى هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى لە سووتان پاراستووە."
 
بە گوێرەى ئامارەکە؛ رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوەى ساڵى 2023 بە رێژەى 21% کەمتر بووە، بەراورد بە رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوەى ساڵى 2022، کە 32 هەزار و 477 رووداو تۆمارکراون.
 
هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق ئاماژەى بەوەدا کە "کەمبوونەوەى رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوەى 2023 بەراورد بە 2022، پەیوەستە بە تووندکردنەوەى چاودێری و رێوشوێنەکان بۆ مەرجى سەلامەتى و کەمکردنەوەى بەکارهێنانى سەندویچ پەناڵ و ئەلیکۆبۆن لە خانوو و باڵەخانەکاندا."
 
بە گوێرەى یاسای بەرگریی شارستانیى عێراق، بەکارهێنانى سەندویچ پەناڵ و ئەلیکۆبۆن لە باڵەخانە و پڕۆژە و خانووەکاندا قەدەخە کراوە.