پەرلەمانى عێراق: تاوەکو دووشەممەی داهاتوو ناوی بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆمار وەردەگیرێ


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق دەرگەی خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردووەتەوە. ئەمیندارى گشتیی پەرلەمان دەڵێت، تاوەکو دووشەممەی داهاتوو ناوی بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆمار وەردەگیرێ.
 
یەکی کانوونی دووەمی 2026، سەفوان گەرگەرى، ئەمیندارى گشتیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرگرتنی ناوی بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆککۆمار تاوەکو رۆژی دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێ.
 
31ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەرگرتنی ناوی بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەستپێکرد. 
 
بە گوتەی سەفوان گەرگەرى، وەرگرتنی ناوی بەربژێران 72 کاژێر دەبێ؛ رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە بە پشوو هەژمار کراوە، کەواتە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەش ناو وەردەگیرێ. 
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس، وەک نەریتێکی سیاسی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد بووە، بەڵام مافی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانە بەربژێریان بۆ ئەو پۆستە هەبێت. 
 
ئەمیندارى گشتیی پەرلەمانى عێراق رەتیکردەوە، ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بەربژێرانی سەرۆککۆمار بڵاوبکەنەوە و گوتی: "دوای داخستنی دەرگەی خۆبەربژێرکردن، زانیاری لەبارەی بەربژێرانەوە بڵاودەکەینەوە". 
 
مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار:
 
- پێویستە هاووڵاتیی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
 
- تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
- خاوەن نێوبانگی باش، شارەزایی سیاسی، دەستپاک و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
 
- بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو بێت.
 
- پێشینەی تاوانی نەبێت، بەتایبەت لەو تاوانانەی پەیوەستن بە شەرەفەوە.
 
- نابێت بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر رێکارێکی هاوشێوە گیرابێت.
 
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی دیاریکردووە کە لە 5ی کانوونی دووەمی 2026 دەبێ.
 
لەدوای هەڵبژاردنی، سەرۆککۆمار بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت.