باج خرایە سەر ئۆتۆمبێلی هایبرید و سیستمی کۆنی گومرگ هەڵوەشایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پێناسەیەکی نوێی گومرگی و رایگەیاند، لەمەودوا باج دەخرێتە سەر ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارکردن بە سیستمی پێشووی نرخ بۆ کۆنتێنەرەکان هەڵدەوەشێتەوە.
 
سامر قاسم، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری 957ـی ساڵی 2025 کرا کە پشت بە پێناسەی نوێی گومرگی بۆ کاڵا و شمەکەکان دەبەستێت، لەگەڵ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر ئۆتۆمبێلی هایبرید، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر باجی گومرگیی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی دیکە هەبێت."
 
بەپێی سیستمە نوێیەکە، باجی گومرگی بە رێژەی 5% بەسەر زێڕدا سەپێندراوە و باج لەسەر هەندێک ماددەی دیکەش زیاد کراوە.
 
بە گوتەی سامر قاسم، کاڵا پێویست و خۆراکییەکان "کاریگەریی زۆریان لەسەر نابێت".
 
سەرۆکی دەستەی گومرگەکانی عێراق راشیگەیاند، "کارکردن بە سیستمی نرخی دیاریکراو بۆ کۆنتێنەرەکان لە بەندەرەکان هەڵوەشێندرایەوە، کە پێشتر 3-4 ملیۆن دینار بوو، بەڵام ئێستا باج بەپێی مادەکان و بەپێی رێنوێنییەکانی دەستەی گشتیی گومرگ وەردەگیرێت."
 
لە ئەمڕۆوە وەرگرتنی بەیاننامەی پێشوەختەی گومرگی بۆ هەموو کاڵا و کەلوپەلێک دەستیپێکردووە. سامر قاسم دەڵێت، ئەم کارە "یارییکردن لە مامەڵە گومرگییەکان کەمدەکاتەوە و داهات زیاد دەکات."
 
ئەو رێکارە پشتبەستووە بە زانیارییەکانی نێو سیستمی ئەسیکۆدا کە سیستمێکی جیهانیی تایبەتە بە یەکخستنی زانیاریی بازرگانی و لە عێراق جێبەجێ دەکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەچووەتە نێو ئەو سیستمەوە.
 
پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیێندراوێکیدا بڵاویکردەوە، بەپێی بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیران، بەسەر هەموو دەروازە فیدراڵییەکاندا بەبێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت و دەبێت لە 1-1-2026ـەوە جیبەجێ بکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەموو ئەو کاڵا و کەلوپەلانە دەگرێتەوە کە لەو بەروارە بەدواوە دێنە نێو دەروازە سنوورییەکان.