لە نەجەف گۆڕ بە قیست دەفرۆشرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەبارەی فرۆشتنی گۆڕ بە قیست لە گۆڕستانی وادی سەلام لە نەجەف، گوتەبێژی پارێزگاکە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، کڕین و فرۆشتن بەو زەوییانە ئاساییە، گۆڕهەڵکەنێکی گۆڕستانەکە دەڵێت، نرخی گۆڕ هەیە بایی دوو ملیۆن دینارە.
لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، تێیدا کەسێک بانگەشەی فرۆشتنی گۆڕ بە کاش و قیست لە نزیک گۆڕی ئیمام عەلی دەکات و دەڵێ: "گۆڕێکم بۆ هێناون لە تەنیشت ئیمام عەلی و بەنرخێکی گونجاو، لای نووسینگەی فرۆشتنی، محەممەد حچێمی دەرەجە یەکە، کارەکانمان رێکوپێکە و بە قیستیش هەمانە، سەیوانیشمان بۆ کردووە".
مەزارگەی ئیمام عەلی دەکەوێتە پارێزگای نەجەف، بە یەکێک لە پیرۆزترین شوێنەکانی موسڵمانانی شیعە دادەنرێت، ساڵانە ملیۆنان کەس سەردانی دەکەن.
حەسەن حەسناوی، گۆڕهەڵکەن لە گۆڕستانی وادی سەلام، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاتێک کەسێک دەیەوێت مردووەکەی لێرە بەخاک بسپێرێت، بەڵگەنامەی مردووەکە و وەفاتنامەکەی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و دەیداتە کارگێڕی گۆڕستانەکە، تاوەکو دەست بە رێکاری کڕینی گۆڕەکە بکەن."
بە گوتەی حەسەن حەسناوی، نرخی گۆڕ لە گۆڕستانی وادی سەلام لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوو ملیۆن دینار و نرخەکان بەپێی شوێنەکان دەگۆڕێن. دەشڵێت، "ئەگەر بە قیست بێت گرانترە، هەروەک چۆن لە بازاڕیش کاڵایەک بە قیست بکڕیت، جیاوازی هەیە لەگەڵ نرخی کاش."
گۆڕهەڵکەنەکە گوتی، "خەڵک دەتوانن لە ژیانیشدا بن و پارچە زەوی لە گۆڕستانەکە بکڕن."
ئەحمەد فەتلاوی، گوتەبێژی پارێزگای نەجەف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گۆڕستانی وادی سەلام دوو بەشە، یەکێکیان نموونەییە و ئەوی دیکەیان کۆنەکەیە، زەوییەکانیشی سەر بە فەرمانگەی وەبەرهێنانە و وەبەرهێنێک بەپێی رێکارە یاساییەکان کڕیویەتی."
ئەحمەد فەتلاوی، گوتیشی، "کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانی گۆڕستانەکە زۆر ئاساییە."
سەبارەت بە نرخەکانیش گوتی، "نرخی گۆڕەکان بەپێی رووبەرەکەیەتی، 25 مەتر نرخەکەی 1 ملیۆن و 650 هەزار دینارە و هەیشە بە 1 ملیۆن و 750 هەزار دینارە."
گوتەبێژی پارێزگای نەجەف هۆشداریی دا و گوتی، "ئەو کەسانە خەڵک فریو دەدەن بەوەی گوایە نزیک گۆڕی ئیمامی عەلی گۆڕ دەفرۆشن، لەکاتێکدا گۆڕستانی ئیمام عەلی جێگەی نەماوە و پڕ بووەتەوە."
ئەحمەد فەتلاوی دەڵێت، "رێکاری یاسایی تەنیا بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە زیادەڕۆیی دەکەنە سەر شۆستە و رێگەکانی نێو گۆڕستانەکە و دەستگیر دەکرێن."
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و کولتوور (یونسکۆ)، گۆڕستانی وادی سەلام "یەکێکە لە گەورەترین گۆڕستانەکانی جیهان" و رووبەرەکەی بە 9 کیلۆمەتری چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت. زیاتر لە 1400 ساڵە مردووی تێدا بەخاک دەسپێردرێت.