هەڵاوسان لە عێراق 0.5% دابەزیوە؛ نرخی خۆراک 1.3% کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەڵاوسانی مانگانە لە عێراق 0.5% دابەزیوە، هۆکارێکی بەهۆی ئەوەوەیە نرخی خۆراک و خواردنەوە ناکحوولییەکان بە رێژەی 1.3% کەمبووەتەوە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو رێژەیەی هەڵاوسان تایبەتە بە مانگی تشرینی دووەمی 2025، بەراورد بە مانگی پێش خۆی".
زۆریی خواست لەسەر کاڵا و دابەزینى بەهاى دینار هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسانە، کە دیارترین نیشانەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵایە.
عەبدولزەهرە هینداوی رایگەیاند: "بەگوێرەی بەدواداچوونی مەیدانیی دەستەی گشتیی ئامار، هەڵاوسان بە رێژەی 0.5% دابەزیوە و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش بە رێژەی 1% کەمبووەتەوە، بەراورد بە تشرینی دووەمی 2024."
بەگوێرەی دەستەی ئاماری عێراق، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا هەڵاوسان 1.5% زیادی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی هەڵاوسان لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا بەهۆی ئەوە بووە نرخی خۆراک و خواردنەوە ناکحوولییەکان 1.3% کەمی کردووە.
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، لە شەش مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە دابەزیندا بووە، جگە لە مانگی ئەیلوول کە بەرزبوونەوەیەکی کەمی هەبووە.
لە مانگی ئەیلوولی 2025دا هەڵاوسان 0.2% بەرزبووەوە، بەڵام بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2024، بەرێژەى 0.3% دابەزیوە.