گفتوگۆى شیعە و یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار؛ "باسی نزار ئامێدی کراوە"
رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی چەند بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لەوە کراوەتەوە کە گرنگە کورد یەک بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت و ناوی نزار ئامێدیش وەک بەربژێر خراوەتەڕوو.
کۆبوونەوە و پەیوەندیی نێوان یەکێتی و لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەستی پێکرد.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی بۆچوونی وابووە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتن لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمارەوە بکرێ و بە دوو بەربژێر نەچنە نێو پەرلەمان، چونکە بوونى دوو بەربژێر رووگیرى بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروست دەکات لەوەی دەنگ بە کامیان بدەن."
لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کرایەوە و تاوەکو 4ـی کانوونی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت. پێویستە لەو ماوەیەدا ئەوانەی خۆیان بەربژێر دەکەن، بە فەرمی ناویان لە پەرلەمان تۆمار بکرێ.
سەلام زوبەیدی رایگەیاند، یەکێتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند بەربژێرێکی خستووەتەڕوو کە دیارترینیان نزار ئامێدی بووە. چوارچێوەی هاوئاهەنگیش تێبینیی لەسەر نییە، بەوپێیەی پێشینەی دەزانێت".
نزار ئامێدی لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراقدا وەزیری ژینگە بوو، پێش ئەوەی پۆستەکەی لەسەر پشکی یەکێتی بۆ هەڵۆ عەسکەری جێبهێڵێت.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی سەرکردایەتیى رێکخراوی بەدریش بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "ناوی نزار ئامێدی بە بەهێزی خراوەتەڕوو وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار."
بەگوێرەی دەستوور، دەبێتلە 30 رۆژ لە ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ. ئەم خولەی پەرلەمان لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 یەکەم کۆبوونەوەی کرد.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆکانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەکێتی زیاتر بەو ئاراستەیە بوون کە کورد یەک بەربژێری هەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئەگەر هەیە هەندێکجار بڵاوکردنەوەی ناوی بەربژێر بۆ پۆستەکان، ئامانج لێی سووتاندنی چانسی بەربژێربوونی بێت."