ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: لە ساڵێکدا زیاتر لە سێ هەزار تۆمەتبار دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، زیاتر لە سێ هەزار تۆمەتباریان لە دۆسیەی جیاجیادا دەستگیرکردوون.
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی ساڵی رابردوودا، 434 فەرمانی دەستگیرکردن لە دۆسیەی تیرۆر، 835 فەرمان بۆ بازرگانان و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر و هەزار و 535 فەرمانی دەستگیرکردنیش لە دۆسیەکانی هەڕەشەکردن و دەستبڕیندا جێبەجێ کراون."
 
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، دەزگاکەیان 342 تۆمەتباری لە دۆسییەکانی تایبەت بە حیزبی بەعسی قەدەخەکراو و 238 تۆمەتباری دیکەی لە دۆسیەکانی بزووتنەوە تووندڕۆکان دەستگیرکردووە.
 ئەرشەد حاکم، گوتی "ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامان و ئەو کەسانەی پروپاگەندە بۆ حیزبی بەعس دەکەن، بە بڕیاری دادوەر و لە 14 پارێزگای عێراق جێبەجێ کراوە."
 
سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی: "دەست بەسەر 112 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 620 هەزار و 893 حەبی هۆشبەردا گیراوە، هەروەها 14 تۆڕی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێندراونەتەوە."
 
ئەرشەد حاکم، باسی لەوەشکرد کە دەستیان بەسەر 20 بۆمب و پشتێنی بۆمبڕێژکراودا گرتووە و "4760 زانیاریی هەواڵگریی پێشوەختەمان پێشکێش کراوە."
 
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، "11 هەزار و 700 ئەکاونت و پەیجی سەرپێچیکار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بڕیاری دادگە چارەسەرکراون."