شەوی سەری ساڵ لە عێراق زیاتر لە 500 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری گشتیی بریندارانی رووداوە جیاجیاکانی لە شەوی سەری ساڵی نوێدا لە وڵاتەکە راگەیاند و دەڵێ، 567 کەس بریندار بوون.
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دامەزراوە تەندروستییەکان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق 567 برینداریان تۆمارکردووە، کە بەهۆی رووداوی جۆراوجۆرەوە لە شەوی سەری ساڵدا تووش ببوون."
سەیف بەدر گوتی " یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکی بوون و 300 کەس بەهۆیەوە بریندار بوون، هاوکات 43 کەس بەهۆی تەقەکردن و 138 کەسی دیکەش بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون."
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 86 برینداری دیکە بە رووداوی جیاجیا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی عێراق تۆمارکراون.
دکتۆر سەیف بەدر دەڵێت، ئامارەکە هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە، لەنێویاندا برینداری "مەترسیدار" هەن و لەژێر چارەسەردان.