لە بەغدا بڵاوبوونەوەی 25 هەزار دیناریی ساختە ترس دەخاتە بازاڕەوە؛ چۆن دەناسرێتەوە؟


رووداو دیجیتاڵ

دابەزینی بەهای دینار لەلایەک و بڵاوبوونەوەی پارەی ساختە لە بازاڕەکانی عێراق لە لایەکی دیکەوە؛ دۆخێکی ئاڵۆزی دروستکردووە. بەشێک لە خەڵک و کاسبکاران لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردان و فرۆشیاریان سەریان سووڕماوە لە بڵاوبوونەوەی پارەیەکی زۆری ساختە بە تایبەتی لە جۆری 25 هەزار دیناری.
 
جەعفەر کازم، دووکاندارە و بە رووداوی گوت، "هەر وشەیەک دۆخەکە تێکدەدات، جارێک دەڵێن دۆلار بازاڕ تێکدات، جارێک باسی بەشەخۆراک دەکەن دووبارە بازاڕ دەشڵەژێت، جارێک باسی بڕینی مووچە دەکەن بازاڕ تێکدەچێت. ئێستا هاتووینەتە سەر پارەی عێراقی کە ساختەی بڵاوبووەتەوە و بازاڕی تەواو وێرانکردووە تەنانەت متمانەت بە بەرامبەرەکەشت بێت واهەست دەکەم پارەی ساختەی پێیە." 
 
قاسم عەلی، دووکاندارێکی دیکەیە و دەڵێت، "بەڕاستی پێشتر ئەمە نەبوو، ئێستا ئەوە نزیکەی هەفتەیەکە نازانین ئەمە چۆن بڵاوبووەتەوە و کێیە ئەو پارە ساختەیە دەخاتە نێو بازاڕەکانەوە، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق ئەوانەی کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن ئاگادار بکاتەوە و، وردبینی لەو پارانە بکەن، چونکە ئەوان ئامێری ئاشکراکردنیان لایە تاوەکو پارەی ساختە نەگاتە دەست هاوڵاتییان." 
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆئەوە دەکەن، ئێران لە پشت هێنانی ئەو پارە ساختانەوەیە بۆ نێو عێراق. بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان هێشتا ئامادە نییە هیچ قسەیەک لەسەر ئەوە بکات، بەڵام بەڕێوەبەرانی بانکەکان دەڵێن، بڵاوبوونەوەی ئەو رێژە زۆرەی پارەی ساختە کە باسدەکرێت بە بازاڕەکاندا بەوشێوەیە فراوانە نییە.
 
دکتۆر مەحموود داخر، بەڕێوەبەری بانکی باشوور دەڵێت، "عێراق هاوشێوەی هەر وڵاتێکی دنیا پارەی ساختەی لێ دروستدەکرێت، بەڵام ئایە رێژەی ئەو پارە ساختەیە ئەوەندە زۆرە کاریگەری هەبێت؟ پێم وانییە بەمشێوەیە بێت، هەروەها تائێستا نە بانکەکان نە دەزگا ئەمنییەکانیش بەشێوەیەکی فروان ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە."  
 
بەپێی یاسا؛ هەر کەسێک بزانێت و مامەڵە بە دراوی ساختەوە بکات، سزای پێبژاردن دەدرێت کە لە 50 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یان زیندانیکردن لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت یانیش هەردوو سزاکە دەیگرێتەوە.