بەربژێرێک: ئەستەمە ئەمڕۆ سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبێتەوە، بەڵام بەربژێرێکی پۆستەکە دەڵێت، "ئەستەمە" کۆبوونەوەکە بکرێت، چونکە گرێکوێرەکە لە دەستی پارتی و یەکێتیدایە و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
بەپێی کارنامەی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-02-2026، دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت. کارنامەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە: یەکەم، سوێندی دەستووریی چەند جێگرەوەیەکی پەرلەمانتاران و دووەم، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق.
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، یەکێک لە 19 بەربژێرەکەی پۆستی سەرۆککۆمار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ "ئەستەمە."
بە گوتەی ئەو بەربژێرە، چارەنووسی کۆبوونەوەکە کەوتووەتە سەر سازانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، "ئەگەر سازان لەنێوانیان بکرێت کۆبوونەوەکە دەکرێت، ئەگەر نا ناکرێت". عەلیاوەیی گوتیشی: "تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی نەسازان و رێکنەکەوتوون."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بەستاوەتەوە بە بەشداریکردنی یەکێتی و پارتی.
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق پێشتر بە رووداوی گوتبوو، تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون، بۆیە "ئەگەری هەیە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ نەکرێت."
بزووتنەوەی عەسائیب هیوا دەخوازێت کورد لەسەر بەربژێرێک رێکبکەون تاوەکو پڕۆسەکە بێ گرفت بەڕێوەبچێت.
کێبڕکێی سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە و تاوەکو ئێستا هەردوولا لەسەر بەربژێرەکانیان سوورن.
لەلایەکی دیکەوە، 52 پەرلەمانتار لە نووسراوێکدا داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە پابەندی وادەی دانیشتنەکە بن.
یوسف کلابی، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی راگەیاند، "دواخستنەکە (لە 27ی مانگەوە بۆ ئەمڕۆ) لەسەر داوای پارتی و یەکێتی بوو، بۆیە داوا لەو دوو لایەنە دەکەین وەک رێزێک بۆ عێراق و گەلەکەی ئەم پرسە پێش یەکشەممە یەکلایی بکەنەوە."
کلابی هۆشداری دا ئەگەر رێکنەکەون، ئەوا هەریەکە و بە بەربژێری خۆی دەچێتە پەرلەمان و "ئەوکات پڕۆسەی دەنگدان تووشی ئاڵنگاری دەبێت."