لە عێراق تائێستا مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دابەش نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، سەرەڕای تەواوکردنی رێکارەکان، تاوەکو ئێستا مووچەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی خەرج نەکراوە و چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکەن.
حەسەن خوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 01-02-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان سەرجەم داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە سوودمەندبووانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی کردووە، بەڵام "تاوەکو ئێستا مووچەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خەرج نەکراوە، ناشزانین هۆکارەکەی چییە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کار دەڵێت، ئەو توێژە کەمدەرامەتن و پێویستیان بەو پارەیە هەیە، بۆیە خوازیارن لەم چەند رۆژەدا مووچەکەیان خەرج بکرێت.
وەزارەتی کار مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە 420 بۆ 440 ملیار دینارە و نزیکەی دوو ملیۆن و 77 هەزار خێزان لە عێراق لێی سوودمەند دەبن.
بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2024ی چاودێریی کۆمەڵایەتی، ئەم توێژانە دەتوانن مووچە وەربگرن بە مەرجێک لەژێر هێڵی هەژاریدا بن: (کەسی بێکار، ژنی جیابووەوە، هاوژینی کەسی زیندانیکراو، کچێک تەمەنی سەروو 35 ساڵ بێت، منداڵی بێسەرپەرشت، ئەو ژنانەی لەلایەن هاوژینەکانیانەوە جێهێڵدراون و خاوەن پێداویستی تایبەت).
چەند مانگێکە لە عێراق پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دوادەکەوێت، لەکاتێکدا پێشتر لە 18ـی مانگەوە رێکارەکان دەستیان پێدەکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆر لە فەرمانبەران و مووچەخۆران مووچەی مانگی کانوونی دووەمیان وەرنەگرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026، وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە دڵنیایی دا "مووچە بە تەواوی دابینکراوە" و دەستیان بە وردبینی کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەژمارکردنی پشکی خانەنشینی و لێبڕینی باج.
وەزارەتی دارایی هۆشداریشی دایە فەرمانگەکان و رایگەیاند: "هەر لایەنێک لیستەکان بە ناتەواوی یان بە هەڵە بنێرێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە دواکەوتنی مووچە."