چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەڕووی ترەمپ دا دەوەستێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەربژێرکردنەوەی نووری مالیکی، لایەنە شیعەکان "ئاڵای ئاڵنگاری"یان بەرز کردەوە و جەخت دەکەنەوە کە لەسەر بەربژێرەکەیان سوورن و مل بۆ گوشاری دەرەکی نادەن.
ئێوارەی رۆژی شەممە 31-01-2026 سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆبوونەوە؛ هەرچەندە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبووە.
دوای کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ناڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی سەرۆکوەزیران "بابەتێکی دەستووریی تەواو عێراقییە" و دوور لە "فەرمانی دەرەکی" ئەنجام دەدرێت. هاوکات جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆیان بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەوان خوازیاری "بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگن" لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە مەرجێک لەسەر بنەمای "رێزی یەکدی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ" بێت.
سەڵاح بووشی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی پێداگرە و ئەم بڕیارەش رەنگدانەوەی ویستی چوارچێوە و راستیی سیاسیی نێوخۆی عێراقە."
سەبارەت بە هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکان لەلایەن واشنتنەوە، بووشی گوتی، "عێراق دەوڵەتێکی دامەزراوەییە و دەتوانێت بەپێی دەستوور کارەکانی بەڕێوەببات، هەڵوێستی چوارچێوەش بە گوشارە دەرەکییەکان ناگۆڕێت."
لە لایەکی دیکەوە، ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە رووداوی راگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و "تەنیا یەک بەربژێری هەیە."
مەساری داوای لە سەرکردایەتیی کورد کرد، "شایستەکانیان یەکلایی بکەنەوە بۆئەوەی کەشتیی عێراق بەرەو کەناری ئارام ببەن."
ئەم پێداگرییەی ماڵی شیعە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەمی 2026، لە پەیامێکی توونددا هۆشداریی دابوو کە ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، واشنتن چیتر هاوکاریی بەغدا ناکات.
ترەمپ نووسیبوی، "دواجار کە مالیکی لە دەسەڵات بوو، وڵات بەرەو هەژاری و پشێوییەکی گەورە رۆیشت، نابێت رێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەوە رووبداتەوە."