عێراق: 450 چەکداری داعش لە سووریا هێندراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، لە کۆی 7000 چەکداری داعش لە سووریا، تەنیا نزیکەی 450 چەکداریان هێندراونەتەوە عێراق، "ئەوانەی تاوانیان لەسەر نەسەلمێندرێت، رەوانەی سەنتەرەکانی چاکسازی دەکرێن."
هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 01-02-2026 بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە گەیشتوونەتە عێراق زۆر سنووردارە.
بە گوتەی عەلەوی، لە کۆی 7000 چەکدار کە لە سووریا هەن، تەنیا نزیکەی 450 کەسیان هێندراونەتەوە عێراق، کە "هەندێکیان ئەمیر و سەرکردەی داعشن."
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانەی گەڕێندراونەتەوە و عێراقین، پۆلێن دەکرێن؛ ئەوانەی تاوانیان کردووە، رەوانەی دادگە دەکرێن و بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی دەکرێن.
سەبارەت بەوانەشی تاوانیان لەسەر ساخ نابێتەوە، هیشام عەلەوی گوتی، "ئەوانەی تاوانیان لەسەر نەسەلمێندرێت، دەبرێنە سەنتەرەکانی چاکسازی و راهێنانەوە، بۆئەوەی بڕیار لەبارەی چارەنووسیان بدرێت."
سەبارەت بە چەکدارە بیانییەکان، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، ئەو چەکدارانەی لە زیندانەکاندا ماونەتەوە هەڵگری رەگەزنامەی زیاتر لە 40 وڵاتی جیاوازن.
عێراق چەند ساڵێکە داوا لەو وڵاتانە دەکات بەرپرسیارێتیی هاووڵاتییانیان بگرنە ئەستۆ، بەڵام وەکو ئەو بەرپرسە دەڵێت، "وەڵامدانەوەی زۆربەی وڵاتان وەکو پێویست نییە، هەرچەندە هەندێکیان دەستیان بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان کردووە."
لەبارەی بنەما یاساییەکانی دادگاییکردن، هیشام عەلەوی گوتی، "دادگای عێراق بنەمایەکی یاسایی جێگیری داناوە؛ هەر هاووڵاتییەک، چ عێراقی بێت یان بیانی، ئەگەر لەسەر خاکی عێراق تاوانی کردبێت، ئەوا لەنێوخۆی وڵات و بەپێی یاسا عێراقییەکان دادگایی دەکرێت، بەڵام ئەگەر تاوانەکەی لە دەرەوەی عێراق بووبێت، ئەوا دەبێت وڵاتانی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن."