سعودیە رێکارەکانی حەج بۆ عێراق دەگۆڕێت؛ گەشتی وشکانی کەمدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری نوێی بۆ حاجییانی عێراق دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکان، گەشتی وشکانی کەمدەکرێتەوە و رێگەش نادرێت پاسەکانی عێراق بچنە نێو شاری مەککە.
رۆژی یەکشەممە، 01-02-2026، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە نووسراوێکی "زۆر بەپەلە"دا کە ئاراستەی نووسینگەی کاروباری حاجییانی عێراقی کردووە، رایگەیاندووە دەبێت ژمارەی ئەو حاجییانەی بە رێگەی وشکانی گەشت دەکەن 10% کەمبکرێتەوە و گەشتەکانیان بکرێتە ئاسمانی. وەزارەتەکە هۆکارەکەی بۆ "سەلامەتی و ئاسوودەیی حاجییان" گەڕاندووەتەوە.
بەپێی رێکارە نوێیەکان، پاسەکانی عێراق تەنیا دەتوانن تاوەکو دەروازەکانی مەککە بڕۆن، لەوێوە حاجییان بە پاسی تایبەتی سعودیە دەگوازرێنەوە بۆ نێو شوێنە پیرۆزەکان. هەروەها تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن بچنە نێو مەککە کە "ڤیزای فەرمیی حەج"یان هەیە.
شێخ دلێر بەرزنجی، جێگری بەڕێوەبەری دەستەی حەج و عومرەی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق بە گشتی 90%ـی گەشتەکانی بووەتە ئاسمانی؛ ئەو 10%ـەشی ماوەتەوە دراوەتە ئەو شارانەی لە سنوورەوە نزیکن، وەک ئەنبار، فەللوجە، کەربەلا و نەجەف."
شێخ دلێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شارانەی فڕۆکەخانەیان هەیە، هەموو گەشتی حاجییانیان بۆ سعودیە بە رێگەی ئاسمانی دەبێت.
تێچووی حەج بۆ ساڵی 2026
سەبارەت بە تێچووی فەریزەی حەج بۆ ئەم ساڵ، نرخەکان بەم شێوەیەن:
لە عێراق (ئاسمانی): 6 ملیۆن و 950 هەزار دینار.
لە عێراق (وشکانی): 5 ملیۆن و 600 هەزار دینار.
لە هەرێمی کوردستان: گەشت تەنیا بە ئاسمانییە و تێچووەکەی 7 ملیۆن و 100 هەزار دینارە.
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری دەستەی حەج و عومرەی کەرکووک، تاوەکو ئێستا پشکی کۆتایی حەجی ئەم ساڵ دیاری نەکراوە، بەڵام ساڵی رابردوو پشکی عێراق 33 هەزار کەس بوو، هەرچەندە لە کۆتاییدا 41 هەزار کەس حەجیان کرد. شێخ دلێر دەڵێت: "ئەو 8 هەزار کەسە زیادەیە زیاتر بۆ بەرپرس و سیاسییەکان بووە."