ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگی: شاندەکەمان سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند: شاندێکیان رۆژی دووشەممە سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار.
 
یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریی سەردانی شاندەکەیانی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد کە بڕیارە دووشەممە 2ی شوبات بکرێت.
 
عەباس رازی رایگەیاند: "سەردانی ئەو شاندە لە دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری لێدراوە و  پێکهاتووە لە: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس. شاندەکە سەردانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەکەن."
 
ئەو سەردانەی شاندەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای رۆژێک دێت لە دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە دەبوو 1ی شوبات ئەنجام بدرێت.
 
بەگوتەی ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەو سەردانە بۆ ئەوەیە "لێکتێگەیشتن لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدی بهێنن بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەویش لە رێگەی نزیککردنەوەی تێڕوانینیان لەسەر بنەمای بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکانەوە."
 
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 30 رۆژدا لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆ‌ککۆمار هەڵبژێردرێت و ئەویش لە 15 رۆژدا بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.
 
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.