بەڕێوەبەرى پێشووی نووسینگەى کازمی بە ساڵێک بەندکردن سزادرا

رووداو دیجیتاڵ 

رائید جوحى، بەڕێوەبەرى پێشووی نووسینگەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی پێشووى عێراق بە ساڵێک بەندکردن سزا درا و دەست بەسەر موڵک و ماڵەکەیدا گیرا.
 
میدیای فەرمیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکى دادوەرییەوە بڵاویکردەوە رائید جوحی، کە پێشتریش سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى عێراق بووە، بەشێوەى 'غیابی' سزا دراوە و بڕیاریش دراوە دەست بەسەر موڵک و ماڵى گواستراوە و نەگواستراوەیدا بگیرێت.
 
رۆژی 29ى تشرینى دووەمى 2022، دەستەى دەستپاکیی عێراق فەرمانى رێگرى لە گەشتکردنى لەدژى رائید جوحى دەرکرد بەتۆمەتى ئەوەى کاتێک سەرۆکى پێشووى دەزگاى هەواڵگریى عێراق بووە، نەرمیی نواندووە لە جێبەجێکردنى بڕیارى دەستگیرکردنى یەکێک لە بەڕێوبەرانى گشتى سەر بەو دەزگایە و دەستگیری نەکردووە.
 
ئەو تۆمەتەى بەهۆیەوە رائید جوحی سزادراوە، دەربازکردنی زیا مەسەوى و جێبەجێنەکردنى بڕیارى دەستگیرکردنى بووە کە یەکێکە لە تۆمەتبارانى "دزى سەدە" کە بەهۆیەوە زیاتر 3.5 تریلیۆن دینار لە بانکى رافیدەین دزرا.
 
لە 17ى تشرینى دووەمى 2022 زیا موسەوى، کە بەڕێوەبەرى گشتى بوو لە دەزگاى هەواڵگریى عێراق، دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات خۆى رادەستى هێزە ئەمنییەکان کرد و لێکۆڵینەوە لەگەڵى لەبارەى ئەو تۆمەتانەى ئاراستەى کراوە، دەستیپێکرد.