یەکەم هێزى "بیابانى" لە عێراق بە سەرپەرشتیى فەرەنسا پێکدەهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم فەوجى بیابانیی سەر بە سوپاى عێراق پێکهێندرا کە لەلایەن سوپاى فەرەنساوە مەشقیان پێکراوە. ئەرکى ئەو هێزە پاراستنى ناوچە بیابانییەکانى ئەنبار، نەینەوا و سەلاحەدین دەبێت و چوار فەوجى دیکەى هاوشێوە دروست دەکرێن.
ئاهەنگى دەرچوونى سەربازانى ئەو فەوجە لە 29ـى شوباتی 2024 بەڕێوەچوو.
عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانى سوپاى عێراق و تیرى گارتا، یاریدەدەرى سەرۆکی ئەرکانى سوپاى فەرەنسا و پاتریک دۆرێل، باڵیۆزى ئەو وڵاتە لە عێراق بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد.
ئەوە یەکەم فەوجى بیابانى سوپاى عێراقە کە لە چوارچێوەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرە پێکبهێندرێت. سەربازانی فەوجەکە لەلایەن مەشقپێکەرانى سوپاى فەرەنساوە مەشقیان پێکراوە و هەر فەرەنساس، سەرپەرشتیی پێکهێنانى کردووە.
مەشقپێکردنی ئەو هێزە تایبەتە چوار مانگی خایاندووە.
فەریق روکن قەیس محەممەداوی، جێگرى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق بە میدیای فەرمیى عێراقى راگەیاندووە، ئەو فەوجە بەشێکە لەو پێنج فەوجەى بیابانی سوپا کە بڕیارە پێکبهێندرێن و لەسەر کارکردن لە بیاباندا رادەهێندرێن، فەوجەکانى دیکەش لە نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار و کەربەلا جێگیر دەکرێن.
سوپاى فەرەنسا بەشێکە لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق، کە ئەرکیان مەشقپێکردنى هێزە ئەمنییەکانى وڵاتەکەیە.