سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی نەینەوا دەگۆڕدرێن و 'کورد چوار پۆستى بەردەکەوێت'

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانى شارەکە بە هەڵبژاردن دەگۆڕێن، کە 12 بەڕێوەبەری گشتین، ئەندامێکى ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت: "چوار پۆستیان بەر کورد دەکەوێت."
 
رۆژی01-03-2024، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى ئەهلى نەینەوا (یەکێتى) بە تۆرى میدیایی رووداوى رایگەیاند، لە ماوەى هەفتەیەک بۆ 10 رۆژى داهاتوو، لەدواى دەستبەکاربوونى لیژنەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا، سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە دەگۆڕدرێن.
 
ئەو گۆڕانکارییەش "لە رێگەى ھەڵبژاردنەوە دەبێت لەنێو ئەنجوومەنى پارێزگا."
 
محەممەد کاکەیی گوتی: "پارێزگارى نەینەوا بۆ هەر یەکێک لەو پۆستانە سێ بەربژێر پێشکێش دەکات و لە ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى لەسەر دەدرێت".
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 کرا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا چوار کورسیی بەدەستهێناوە و یەکێتیش دوو کورسیی هەیە، بڕیارە پۆستەکانى بەڕێوەبەرى گشتیی شارەکە بەپێى پشکى فراکسیۆنەکان بێت لە ئەنجوومەنى پارێزگا. 
 
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، لەو 12 پۆستە، کورد چوار پۆستى بەردەکەوێت.