ناوچەیەکی پارێزگای دیالە بۆردوومانکرا و قوربانیی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوچەیەکی سنووری قەزای شارەبان لە پارێزگای دیالە بۆردوومان کرا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.
عەمید هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بۆ "تۆڕی میدیایی رووداو" پشتڕاستی کردەوە کە بۆردوومانەکە لە سنووری قەزای شارەبان روویداوە و قوربانی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام گوتی، "هێشتا وردەکاریی تەواومان بەدەست نەگەیشتووە."
هاوکات، سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "بەپێی زانیارییەکان سەرەتاییەکان، دوو کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "تاوەکو ئێستا لایەنی ئەنجامدەری بۆردوومانەکە نادیارە و روونیش نییە درۆن یان مووشەک بووە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە رووداوەکە دەستیپێکردووە."
لە لایەکی دیکەوە فارس عەزاوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، تا ئەو ساتە هیچ کوژراو و بریندارێکی ئەو رووداوە نەگەیەندراونەتە ناوەندە تەندروستییەکانی پارێزگاکە.