سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: پێویستە دەستبەجێ هێرشەکان رابگیرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر شارەکانی عێراق و ئێران و دەڵێت، ئەم کارانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026 سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە شارەکانی عێراقیان کردە ئامانج و ئاسمانی وڵاتیان پێشێل کرد، دەشڵێت، "ئەمە بە لادان لە یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان و دەستوەردان لە ئاسایش و سەروەریی وڵات دادەنرێت."
سەرۆکایەتیی کۆمار هێرشەکانی سەر ئێران بە "کارێکی رەتکراوە" ناودەبات، کە دەبێتەهۆی زیاتربوونی گرژییەکانی ناوچەکە و پاڵپێوەنانی بەرەو هەڵدێرێکی مەترسیدار کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری گەلان ناکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا عێراق هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێ لە رەتکردنەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی دەوڵەتان یان بەکارهێنانی هێز لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک بنەمایەکی سەرەکییە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوای "راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان" و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەکات، وەک تاقە چارەسەر بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و دوورکەوتنەوە لە لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییە مەترسیدارەکان.