فوئاد حوسێن: بەردەوامیی شەڕ بازاڕی وزە تێکدەدات
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا "هەردوولا هەڵسەنگاندنیان بۆ پێشهاتە سەربازییەکان و ئەو هێرشانە کردووە کە رووبەڕووی هەردوو وڵات بوونەتەوە."
وەزیرانی دەرەوە "جەختیان لە مەترسیی بەشداریی لایەنی نوێ لە رووبەڕووبوونەوەکان کردەوە کە رەنگە ببێتەهۆی فراوانبوونی بازنەی جەنگەکە."
هەردوو وەزیر ئاماژەیان بە پێویستیی کارکردنی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی کردە سەربازییەکان کردووە؛ هەروەها "جەختیان لە گرنگیی پاراستنی رێڕۆ ئاوییە گرنگەکان، بەتایبەتی گەرووی هورمز کردەوە، بەهۆی ئەو بایەخە ستراتیژییەی بۆ ئابووریی جیهان و ئاسایشی وزە هەیەتی."
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوامیی شەڕ دەبێتەهۆی تێکچوونی بازاڕی وزە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی بازاڕی جیهانی دەبێت.
گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین رێگە ئاوییەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهان و ئێستا کەوتوەتە ژێر کاریگەری ئەم جەنگەوە.
میدیای فەرمیی ئێران، رۆژی 28-02-2026 بڵاویکردەوە، جموجووڵی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز راگیراوە و گوتیشی، ئەرووپییەکان داوایان لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان کردووە بە گەرووی هورمزدا هاتووچۆ نەکەن.