عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ 24 کاژێری دیکە درێژکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق دەڵێ، داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بۆ 24 کاژێری دیکە درێژکراوەتەوە و بڕیارەکەش وەک رێکارێکی خۆپارێزییە.
بەپێی راگەیێندراوی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی عێراق بە رووی هەموو ئەو فڕۆکانەی دێنە نێو وڵات، دەچنە دەرەوە و ئەو فڕۆکانەش کە بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، درێژکردنەوەکە لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی سبەی دووشەممە 2ـی ئاداری 2026 دەبێ، ئەوەش وەک رێکارێکی کاتی و خۆپارێزی بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رێکارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و بەهۆی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ناوچەکە دراوە؛ باس لەوەش دەکات، سبەی راگەیێندراوی لەبارەی دۆخەکە دەبێ.