ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی لە عێراق: لە شوێنە قەرەباڵخەکان دوورکەونەوە

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات سەردانی عێراق نەکەن، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخەی لە ئەنجامی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران وڵاتەکە و ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
باڵیۆزخانەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئایاری 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکی هۆشیارانە مامەڵە بکەن، هاتووچۆیان سنووردار بکەن و لە شوێنە قەرەباڵخەکان دوور بکەونەوە. 

دەقی راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا:

ئاگاداریی ئەمنی – باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بەغداد، عێراق) (1ی ئاداری 2026)

شوێن: عێراق، سەرتاسەری وڵات

نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە عێراق ئامۆژگاری هاووڵاتیانی ئەمریکی دەکات کە زۆر وریا بن، کەمتر دەربکەون، هاتووچۆکانیان سنووردار بکەن و لە کاتی پێویستدا لە شوێنەکانیان بمێننەوە (پەنا بگرن). ئەو هەواڵانە بەردەوامن کە باس لە (هێرشی) مووشەکی، درۆن یان رۆکێتی لە ئاسمانی عێراق دەکەن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا چاودێری هەڕەشە چالاکەکان دەکات بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەوانەش چێشتخانەکان، شوێنە بازرگانییەکان و هاووڵاتییان.

خۆپیشاندانی بەردەوام دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەری باشووری پردی 14ی تەممووز لە بەغدا هەیە، هەروەها بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە سەرتاسەری عێراق دەکرێ. پێویستە هاووڵاتیانی ئەمریکی ئاگاداری دەوروبەری خۆیان بن و لە قەرەباڵخییە گەورەکان دووربکەونەوە، چونکە رەنگە خۆپیشاندانەکان تووندوتیژییان لێ بکەوێتەوە. باری ئەمنی ئاڵۆزە و دەکرێت بە خێرایی بگۆڕێ.

نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە عێراق رێنمایی داوە کە هەموو کارمەندانی نوێنەرایەتییەکە کە توانای کارکردنیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە هەیە، دەبێت تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەو شێوەیە کاربکەن. کارە کۆنسووڵگەرییەکان، لەوانەش خزمەتگوزارییە رۆتینییەکانی تایبەت بە هاووڵاتیانی ئەمریکی، ئێستا راگیراون.

وەزارەتی دەرەوە ئاستی 4ی هۆشداریی گەشتکردن ("گەشت مەکە") بۆ عێراق وەک خۆی هێشتووەتەوە. پێویستە هاووڵاتیانی ئەمریکی بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق نەکەن. ئەگەر لە عێراقیت، پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنی کەسیی خۆتدا بکە و هەڵسەنگاندن بۆ بژارەکانی مانەوە لە شوێنەکەت یان جێهێشتنی عێراق بکە، هەرکاتێک دۆخەکە سەلامەت بوو. نابێت ئەم پلانانە پشت بە حکومەتی ئەمریکا ببەستن بۆ هاوکاری جێهێشتن یان گواستنەوەی فریاگوزاری.

ئاسمانی عێراق داخراوە. رەنگە بەرپرسانی عێراق لە کاتێکی کورتدا ئاسمان دابخەن و دواتر بیکەنەوە. تکایە بۆ وەرگرتنی نوێترین زانیاریی گەشتەکان، پەیوەندی بە هێڵە ئاسمانییەکەتەوە بکە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بە کراوەیی دەمێننەوە و هاتووچۆکانیان بۆ کارە زۆر گرنگەکان سنووردار کردووە.

ئەو هەنگاوانەی پێویستە بنرێن:

• لە بەرنامەی (STEP) ناوی خۆت تۆمار بکە بۆ وەرگرتنی زانیارییە نوێیە ئەمنییەکان.
• پلانێک بۆ دۆخی فریاگوزاری ئامادە بکە. پێداچوونەوە بە لیستی پشکنینی گەشتیاران (Traveler’s Checklist) بکە.
• بڕێکی پێویست لە خۆراک، ئاو، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە دابین بکە.
• تەلەفۆنەکەت بە شەحنکراوەیی بهێڵەرەوە و پەیوەندیت لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت هەبێت بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە دۆخت.
• لە کۆبوونەوە گەورەکان و قەرەباڵخی دوور بکەوەرەوە، کەمتر دەربکە و ئاگاداری دەوروبەرت بە.
• بۆ وەرگرتنی زانیاری، چاودێری میدیا نێوخۆییەکان بکە. ئامادەبە بۆ گۆڕینی پلانەکانت.
• لەو شوێنانە دوور بکەوەرەوە کە بیانییەکان زۆر هاتوچۆیان تێدا دەکەن.
• بۆ هەر شتێکی نائاسایی، بەئاگا و وریابە.
• چاودێری هەژمارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بکە لەسەر فەیسبووک، تویتەر/X، و ئینستاگرام.