حیزبی دەعوە: کوژرانی خامنەیی دەستدرێژییە بۆ سەر ئیسلام و تەختی ستەمکاران دەهەژێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "شەهیدبوونێکی مێژوویی و پڕ لە شکۆ" ناودەبات و هۆشداری دەداتە بکەرانی هێرشەکە، "دەبێت بەرپرسیارێتیی تەواوی لێکەوتەکان هەڵبگرن."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، حیزبی دەعوە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، خامنەیی وەک "سەرکردەیەکی بێ وێنە و فەقیهێکی گەورە" خوێنەکەی رێگەی ئومێدی بۆ ملیۆنان مرۆڤ روون کردووەتەوە و دەڵێت، "تیرۆرکردنی ئیمامی رێبەر، تیرۆرێکی سیاسیی ناپاکانە و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر ئایینی ئیسلام و سیمبولەکانی."
 
حیزبەکە هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایدەگەیێنێت، "ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەبێت بەرپرسیارێتیی لێکەوتە سیاسی و ئەخلاقییەکانی ئەم تاوانە هەڵبگرن، چونکە تووڕەیی جەماوەری دانامرکێت و وەڵامێک دەبێت کە تەختی ستەمکاران دەهەژێنێت."
 
لە راگەیێندراوەکەی حیزبی دەعوەدا هاتووە، ئەم کۆستە نابێتە هۆی لاوازی، بەڵکو "ریزەکانی بەرگری بەهێزتر دەکات" و "خوێنی شەهیدان دەبێتە سووتەمەنی بۆ یەکڕیزی و خۆڕاگری، بەتایبەت لە پشتگیریکردنی دۆزی فەڵەستین و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری."
 
حیزبەکەی مالیکی لە کۆتاییدا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی مەرجەعە باڵاکان، حەوزە زانستییەکان و گەلی ئێران کردووە.
 
دوای ئەوەی دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کوژرانی عەلی خامنەیی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی کوژرانی رێبەری  وڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە.