عێراق سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی بۆ کوژرانی خامنەیی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بە فەرمی سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند و بە تووندی سەرکۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026 بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، سەرەخۆشی لە گەلی ئێران و ئوممەتی ئیسلامی دەکەین بۆ شەهیدبوونی رێبەری باڵا سەید عەلی خامنەیی، کە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکی ئاشکرا و کارێکی سەرکۆنەکراودا بووە قوربانی."
 
حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەو هێرشەی کرایە سەر رێبەری ئێران "هەموو نەریتە مرۆیی و ئەخلاقییەکان و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە." لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، خامنەیی تەمەنێکی لە خزمەتی گەلی ئێران و بەرگریکردن لە دژی ستەمکاری بەسەربرد و ژیانی بە "تاجی شەهادەت" کۆتایی پێهێنا.
 
باسم عەوادی جەختی لەوەش کردەوە، عێراق داوای "دەستبەجێ و بێ مەرجی راگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەکات،" چونکە ئەو ئاڵۆزییانە ناوچەکە بەرەو ئاستێکی بێپێشینەی تووندوتیژی و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەبەن.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، حکومەتی عێراق سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی لە تەواوی دامودەزگاکانی وڵاتدا راگەیاند.
 
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشێکی هاوبەش و بەرفراواندا چەندین ناوچەیان لە ناوخۆی ئێران کردە ئامانج و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەو وڵاتە کوژرا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن تارانەوە بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە.
 
جگە لە خامنەیی ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێرانیش کوژراون. لەوانە عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسی رێبەر، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێران؛ عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران و محەممەد باسری، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی ئیتلاعات.