ئاسۆ فەرەیدوون: کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە یاسای بودجەدا سەرهەڵدەدەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە یاسای بودجەدا "سەرهەڵدەدەنەوە." هەروەها لەبارەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییەوە دەڵێت، "لەمە دووبەرەتر نابین." 
 
ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: پرۆژەیاسای بودجە رەنگدانەوەی ئەو رێککەوتنەیە کە حکومەتی عێراقی لەسەر پێکهێنراوە و بەغدا سوورە لەسەر داواکارییەکانی خۆی لەبارەی هەرێمی کوردستان کە هەولێر پابەند دەکات بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ" و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ عێراق.
 
داواکارییەکەی عێراق، وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "نوێ نییە و چەند ساڵێکە داوای دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە دۆسیەی بودجەشدا جارێکی دیکە کێشەکانی هەولێر و بەغدا سەرهەڵبدەنەوە." 
 
لەبارەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغدا کە دوایینیان لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بوو، ئاسۆ فەرەیدوون گوتی: پارتی لە هاوپەیمانێتییەکی سیاسیدایە لە عێراق و یەکێتیش لە هاوپەیمانێتییەکی دیکەدایە و دوو بەرەی جیاوازین، "لەگەڵ پارتی لەمە دووبەرەتر نابین." 
 
رۆژی دووشەممە 27-03-2023، دوای تێپەڕینی یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنی یەکێتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو: "لایه‌نێكی سیاسی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبیان له‌به‌رامبه‌ر دوو كورسی كۆتای مه‌سیحییه‌كان و ده‌نگی ئاواره‌كانی ناو كه‌مپه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، سازشیان له‌سه‌ر كه‌ركووك كرد." 
 
دوابەدوای ئەوانیش، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و نووسرابوو: "تەواوی هەوڵەکانمان خستەگەڕ لەپێناو زامنکردنی مافی دەنگدەرانمان لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکانی عێراق، بەشێوەیەک لە کەرکووک هەموو ئەو رێگرییانەی هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵگیران و بۆ یەکەم جار سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو."
 
فراکسیۆنی پارتی بەبێ ئەوەی ناوی یەکێتی بهێنێت، گوتی: "ئەوەی جێگەی داخە لایەنێکی سیاسی کە خۆی بەشێک بووە لە دانوستانەکان و دەنگی لەسەر یاساکە داوە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمیان لەسەر هیچ بڕگە و مادەیەکی تایبەت بە کەرکووک نەبووە، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوەی لە دواساتەکاندا لە چەند بڕگەیەکی یاساکە کە پەیوەندی نەبوو بە کەرکووکەوە لە بەرژەوەندی گرووپێک درا کە هاوپەیمان و دۆستی ئەوانن و دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەروەها لەپێناو هەندێک بەرژەوەندی و پەیوەندی ژێر بە ژێری حیزبی، ئەو لایەنە سیاسییەی هەرێم دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوی چەواشەکارانە و بێ بنەما."