دادگەى فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵاى پەرلەمانتارانى سوننە و شیعە تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات کە یەکێکیان دوو پەرلەمانتارى سوننە دژى بڕیارى راگرتنى هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و ئەوى دیکەیان سێ پەرلەمانتارى شیعە دژى بەربژێرێکى سوننەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان پێشکێشیان کردووە.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە یەکى نیسانى 2024) دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، پەرلەمانتارانى سوننە لە فراکسیۆنى تەقەدووم دژى موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیی پەرلەمانی عێراق پێشکێشیان کردووە و تێیدا داوا دەکەن دانیشتنى 13ـى کانوونى دووەمى 2024ـی پەرلەمان بە نادەستوورى بزانێت کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و سەرجەم رێوشوێن و بڕیارەکانیش کە لەو دانیشتنەدا دراون و بە دەرهاویشتەکانیشیانەوە هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
13ـی کانوونى دووەمى 2024، پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان کۆبووەوە، دوای ئەوەى دەنگدان گەیشتە گەڕى دووەم لەنێوان شەعلان کەریم و سالم عیساوى وەک بەربژێرانى ئەو پۆستە، موحسین مەندەلاوى لەبرى سەرۆکى پەرلەمان کۆبوونەوەى بۆ کاتێکى نادیار دواخست.
 
دانیشتنێکى دیکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە بارەى سکاڵایەکەوەیە کە یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس، پەرلەمانتارانى شیعە دژى شەعلان کرەیم، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى تەقەدووم پێشکێشیان کردووە و، تێیدا داوا دەکەن ئەندامیێتیی ئەو پەرلەمانتارە سوننەیە هەڵبوەشێندرێتەوە، بە پاساوى ئەوەى مەرجە دەستووریى و یاساییەکانى ئەندامیێتى پەرلەمانى لەدەستداوە و بڕیارێکى کاتیش دەربکرێت بۆ راگرتنى لە کارەکەى وەک پەرلەمانتار تاوەکو ئەو کاتەى ساڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.
 
پاساوى ئەو پەرلەمانتارە شیعانە دژى شەعلان کرەیم دەرکەوتنیێتی لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا کە ستایشى سەدام حوسێن دەکات. 
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامیێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە کە هاوکات سەرۆکى پەرلەمان بوو.