دادگەى فیدراڵى سکاڵاى دوو پەرلەمانتاری سوننە رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى دوو پەرلەمانتارى سوننەى رەتکردەوە لە دژى کۆوبونەوەیەکى پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کە تاوەکو ئێستا بەهەڵپەسێردراوى ماوەتەوە.
 
هاوکات سکاڵایەکى دیکەى دواخست کە سێ پەرلەمانتارى شیعە لە دژى پەرلەمانتارێکى سوننە پێشکێشیان کردووە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى رەتکردەوە کە هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، پەرلەمانتارانى سوننە لە فراکسیۆنى تەقەدووم دژى موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیی پەرلەمانی عێراق پێشکێشیان کردبوو و تێیدا داوایان کرد دانیشتنى 13ـى کانوونى دووەمى 2024ـی پەرلەمان بە نادەستوورى بزانێت کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و سەرجەم رێوشوێن و بڕیارەکانیش کە لەو دانیشتنەدا دراون و بە دەرهاویشتەکانیشیانەوە هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى دادگەى فیدڕاڵى عێراق، رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە لە پسپۆرى ئەو دادگەیە نییە.
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق، 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت لە پاش ئەوەى گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
 
 دادگەى فیدڕاڵى سکاڵایەکى دیکەى دواخست کە یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس، پەرلەمانتارانى شیعە دژى شەعلان کرەیم، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى تەقەدووم پێشکێشیان کردووە، تێیدا داوا دەکەن ئەندامیێتیی ئەو پەرلەمانتارە سوننەیە هەڵبوەشێندرێتەوە، بە پاساوى ئەوەى مەرجە دەستووری و یاساییەکانى ئەندامێتى پەرلەمانى لەدەستداوە.
 
 دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ 29ى نیسان دوابخات.
 
پاساوى ئەو پەرلەمانتارە شیعانە دژى شەعلان کرەیم کە یەکێکە لە بەربژێرانى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، ئەوەیە کە لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە کە ستایشى سەدام حوسێن دەکات.