یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئاگاداری رفاندنی رۆژنامەڤانێکی ئەمریکایین لە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگاداری "رفاندنی" هاووڵاتییەکیانن لە بەغدا و پێشتریش ئاگاداریان کردبووەوە لەو هەڕەشانەی لەسەری بوون.
رۆژی سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئاگاداری رفاندنی رۆژنامەڤانێکی ئەمریکایین لە بەغدا و پێشتر ئەرکی خۆمان بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەم کەسە لە هەڕەشەکان جێبەجێ کردبوو".
گوتەکانی جۆنسن لە کاتێکدان ئەمڕۆ شێلی کیتلسن، رۆژنامەڤانی ناسراوی ئەمریکی لە شەقامی سەعدوون-ی ناوەڕاستی بەغدا رفێندرا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی راوەدوونان دا یەکێک لە رفێنەرەکان دەستگیرکراوە و گەڕان بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەڤانەکە بەردەوامە.
یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نووسیویەتی، "بەردەوامین لە هاوئاهەنگی لەگەڵ FBI بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی لە زووترین کاتدا و کەسێک کە پەیوەندی بە گرووپی میلیشیای کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە هەیە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستگیرکراوە".
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، "عێراق هێشتا لە ئاستی چوارەمی هۆشداریی گەشتکردندایە و داوا لە ئەمریکییەکان دەکەین بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن"؛ جەختی لەوەش کردەوە، "داوا لە هەموو ئەمریکییەکان و رۆژنامەڤانان دەکەین پابەندی رێنماییەکانی گەشتکردن بن".
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دەواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداویش.
لە دوو هەفتە پێش دەستپێکی جەنگەکەوە، ئەمریکا هاووڵاتییانی لە گەشتکردن بۆ عێراق و زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاگادارکردبووەوە و داوای لێکردبوون عێراق جێبهێڵن.