وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان هێڵی سوورە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان و کارمەندەکانیان "هێڵی سوورە" و رێگە بە هیچ پێشێلکارییەک نادرێت، جەختیشیکردەوە کە پێویستە رێنماییەکانی حکومەت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بە وردی جێبەجێ بکرێن.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی فراوان بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەمنی نێردە دیپلۆماتییە عەرەبی و بیانییەکان لە عێراق بەڕێوەچوو، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی رێگەکانی بەهێزکردنی پاراستنی باڵیۆزخانەکان بووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندییەکانی عێراق بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد نایف دلێمی، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری کارگێڕی و تەکنیکی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ئەمنی و نوێنەرانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بریکاری وەزارەت گوێبیستی راپۆرتی ورد بوو سەبارەت بەو رێوشوێنە تووندانەی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان گیراونەتەبەر، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ ئاستەنگ و هەڕەشە ئەگەرییەکان کرا.
بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری کارگێڕی و تەکنیکی رێنماییدا بە دروستکردنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی خێرای هەر هەڕەشەیەک، رەچاوکردنی بەرزترین ئاستی وریایی و چاودێریکردنی هەڕەشەکان بە شێوەیەکی پێشوەختە، رێگری کردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئەمنی کە کار بکاتە سەر ناوبانگی عێراق.
بریکاری وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی نێردە دیپلۆماتییەکان هێڵی سوورە و گوتی: "ئەم رێوشوێنانە رەنگدانەوەی پەرۆشی حکومەتی عێراقە بۆ نیشاندانی رووە شارستانییەکەی وڵات و رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ کارکردنی نێردە نێودەوڵەتییەکان."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە پێویستە رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران بە وردی جێبەجێ بکرێن بۆ تێکشکاندنی هەر هەوڵێک کە باڵیۆزخانەکان یان کارمەندەکانیان بکاتە ئامانج.