دایکی مەریەم: کچەکەم پێویستی بە 10 نەشتەرگەریی جوانکارییە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 30ـی ئایار یەکەم دانیشتنی دادگەی مەریەم روکابییە، ئەو کچە گەنجەی کە لەلایەن کوڕێکەوە بە تێزاب دەموچاوی سووتێنرا. دایکی دەڵێت، "بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان سەردانی تورکیا بکەین بۆ ئەوەی یەکەم نەشتەرگەریی بۆ بکەین."
مەریەم روکابی، قۆناخی یەکەمی لە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان تەواو کرد، ھەموو ھیوا و ئاواتی ئەوە بوو خوێندنەکەی تەواو بکات، بەڵام بەھۆی رەتکردنەوەی داوای ھاوسەرگیریی گەنجێک، رۆژی 10ی حوزەیرانی 2021، لەلایەن گەنجەکەوە بە تێزاب جەستە و رووخساری سووتێنرا.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئایاری 2022، سوهام سەلیم، دایکی مەریەم بە رووداوی راگەیاند، "بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان، سەردانی وڵاتی تورکیا بکەین و یەکەم نەشتەرگەریی بۆ مەریەم بکرێت، دکتۆرەکەی پێی راگەیاندووین، کە پێویستی بە 10 نەشتەرگەرییە."
بەگوتەی دایکی مەریەم، کچەکەی هیچ نەشتەرگەرییەکی بۆ نەکراوە و کاتی نەشتەرگەرێکەی دواکەوتووە. لەوبارەوە گوتی، "بڕیاربوو زووتر نەشتەرگەریی بۆ بکەین، بەڵام دکتۆرەکەی ئەوەی قۆستبووەوە کە چەند لایەنێک داوایان کردبوو لە رووی ماددییەوە یارمەتیمان بدەن، بۆیە بە دوای دکتۆرێکی دیکەدا دەگەڕاین، ئەوەش هۆکاربوو کە دواکەوتین لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە."
لەبارەی بارودۆخی کچەکەی گوتی، "هەرگیز بڕوامان نەدەکرد مەریەم هێندە خۆڕاگر بێت، ئەو ئێستا کچێکی زۆر بەهێزە و چاوەڕوانی ئەو کاتەیە کە دووبارە رووخساری رابردووی خۆی ببینێتەوە."
سەبارەت بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەری کچەکەی گوتی، "دکتۆرەکەی پێی راگەیاندووین کە رووخساری باش دەبێتەوە و نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو دەبێت، پشت بەخوا ئێمەش چاوەڕوانی ئەو ئەنجامەین."
بە گوتەی دایکی مەریەم، خێزانی ئەو کوڕەی کە دەموچاوی کچەکەیان سووتاندووە هەوڵیانداوە کەیسی مەریەم بە پارە بکڕن لەو بارەوە گوتی، "30ـی ئایار، یەکەم دانیشتنی دادگەیە، هیوادەخوازین دادگە بتوانێت کەیسی کچەکەم یەکلابکاتەوە. خێزانی ئەو کوڕەی کە دەموچاوی کچەکەی منیان سووتاند دەوڵەمەندن و هەوڵیانداوە بەڵگەکان بە پارە بکڕن، بەڵام ئەو کاتەی کەیسی کچەکەم بوو بە کەیسی هەموو هاونیشتمانیان و رای گشتی لەسەری هاتنەدەنگ تاوەکو رادەیەک باڵانسێک لە کەیسەکە راگیرا."
دایکی مەریەم دەڵێت، "لە رێگەی رووداوەوە داوا دەکەم لە حکومەتی عێراق هەوڵبدات کەیسی کچەکەم بە لاڕێدا نەبرێت و راستییەکان یەکلایی بکرێنەوە، چونکە ئەگەر ئەوە نەکرێت چۆن متمانە لای هاووڵاتییەکی عێراقی دروستدەکەن کە بڕوا بە پارێزەری و ئاسایش و دادپەروەری عێراق بکات."